پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ رایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێكیان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رادەست نەكراوە.
عەلا یاسری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بەمیدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، تائێستا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هیچ بڕە نەوتێكیان رادەست نەكراوەو هیچ وردەكارییەكیشیان لەسەر تێكڕای دیاریكردنی نرخی نەوتی خاوی هەناردەكراو لەلایەن هەرێمەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجەی گشتی، وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسە لە وەرگرتنی داهاتی نەوتی هەناردەكراو و بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لێی بەرپرسیار نییە.
عەلا یاسری وتیشی، “بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە بەردەستمان دایە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی كەركوك كە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە دەفرۆشرێت، زیاترە لەو نرخەی كە هەرێمی كوردستان دەیفرۆشێت”.
هاوكات باسی لەوەكرد، نرخی نەوتی خاوی كەركوك لەلایەن كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراقەوە بەپێی خواست و داواكاریی لە بازاڕەكانی جیهاندا دیاریی دەكرێت كە ئەوەیش رەنگدانەوەی باشی لەسەر زیادبوونی داهاتی عێراق هەیە.