ئه‌ردۆغان له‌پێناو زیاتر بێده‌نگكردنی كورد ده‌ستوری توركیا ده‌گۆڕێت

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

بۆچی لەمکاتەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بابەتی دانانی دەستوری نوێی هێناوەتەئاراوە؟ چی لەپشت تاوتوێکردنی پرسی دەستور هەیە و بۆ دەیەوێت لەسەر ئاستێکی جەماوەری بەرفراوان گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکات؟ ئایا ئەردۆغان کار بۆ ئەوە دەکات پێش ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بکەوێت لەم دەستپێشخەرییەدا؟ ئەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا چۆن پێشوازی لەم بابەتە دەکەن؟

لەمبارەیەوە، بەشێک لە شیکەرەوەکان پێیانوایە، هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی دەستوری تورکیا و دانانی دەستورێکی نوێ بەشێکە لەو پلانانەی کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی فەرمانەکانی بەسەر سەرجەم چین و توێژەکانی وڵات دایناوە، هاوکات هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی و رەخساندنی هەلی زیاتر مانەوە لە دەسەڵاتدا، جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ زیاتر بێدەنگکردنی کوردەکان و پارتەکانیان.

لەوبارەیەوە، رۆژی دووشەممە ئەردۆغان رایگەیاند، پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانەکانی هەوڵ بۆ دانانی دەستوری نوێی تورکیا دەدەن، ئەوەش دوای کەمتر لە چوار ساڵ لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناو دەستوری تورکیا، وتیشی: رەنگە ئێستا کاتی ئەوە هاتبێت تورکیا دەستورێکی نوێ بۆخۆی دابنیت، ئەگەر بگەینە لێکتێگەیشتنی کۆتایی لەگەڵ هاوبەشەکانمان، ئەوا دەستدەکەین بە دانانی دەستورێکی نوێ بۆ تورکیا بەشێوەیەکی روون و بە راوێژ لەگەڵ جەماوەری تورکیا.

پرسی دانانی دەستوری نوێی تورکیا هەوڵێکە بۆ زیاتر بێدەنگکردنی کوردەکان و پارتەکانیان

ئەردۆغان رایگەیاند، هەست بە نائومێدی دەکات لەبەرئەوەی پێشتر ئەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییەوە بەربەستی بۆ دروستکراوە و وتیشی: هەوڵدان بۆ دانانی دەستوری نوێ بابەتێکە ناتوانرێت لەژێر رۆشنایی کۆمەڵانی وەک پارتی کرێکاری کوردستان “پەکەکە” جێبەجێ بکرێت.

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای چەند هەفتەیەک لە پێشنیازەکەی دەوڵەت بەهجەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا هاتەئاراوە لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستور بۆ ئاگادارکردنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە”، ئەوەبوو ئەم هەوڵە نیگەرانی پارتە کوردییەکەی لێکەوتەوە و بە بێدەنگکردنی شەش ملیۆن هاوڵاتی کورد وەسفیکرد.

لەدوای لێدوانەکەی ئەردۆغان، بەهجەلی رایگەیاند پاڵپشتی بیرۆکەی دانانی دەستوری نوێی تورکیا دەکات و وتی: ئاشکرایە تورکیا پێویستی بە دەستورێکی نوێیە، جەختی لەوەشکردەوە، پارتەکەی پاڵپشتی ئەم بیرۆکەیە دەکات و تێڕوانینی خۆی لەبارەیەوە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، عەبدولحەمید گوڵ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، “لێدوانی سەرۆکی وڵاتەکەمان لەبارەی دەستورێکی نوێوە، هەواڵێکی دلخۆشکەرە بۆ هەموومان”، جەختی لەوەشکردەوە، دانانی دەستورێکی نوێ و مەدەنی و دیموکراسی یەکێکە لە ئامانجەکانی چاکسازی یاسایی تورکیا و بەنرخترین سەروەتە بۆ داهاتوومان و نەوەی دواترمان.

لە یەکەمین کاردانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن رایگەیاند، ئەو کاتەی ئەردۆغان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستوری نوێی تورکیا دایناوە چەندین پرسیار دەهێنێتەئاراوە، بەجۆرێک بۆچوونی ئەوە هەیە کە رەنگە ئەردۆغان گۆڕینی دەستور بۆ ئەجێندای خۆی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکاربهێنێت.

ئەردۆغان لەپێناو درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی دەیەوێت گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیادا بکات

باباجان جەختی لەوەشکردەوە، تورکیا دەبێت سەرکەوتووبێت لە سەپاندنی عەقڵیەتی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بڕوابوون بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، چونکە بەبێ ئەم دووانە دانانی دەستوری نوێ هیچ کاریگەرییەک دانانێت و کێشەکانی وڵات چارەسەر ناکات، وتیشی: تورکیا تەنیا بەدەست کێشەی بەڕێوەبردنەوە ناناڵێنێت، بەڵکو بەدەست ئەو کێشە مەترسیدارەش دەناڵێنێت کە عەقڵیەتی فەرمانڕەوا دروستی دەکات.

باباجان ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی دانانی دەستوری نوێ لەلایەن ئەدۆغانەوە زۆر لێکدانەوە هەڵدەگرێت، بۆچی رێک لەدوای هەنگاوەکەی ئێمە بۆ بەهێزکردنی سیستمی پەرلەمانی ئەم باسەی هێنایەئاراوە؟ وتیشی: هەتا ئێستا نازانین ناوەڕۆکی دانانی دەستوری نوێ بۆ تورکیا چییە و چ ئامانجێکی هەیە.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەردۆغان لەپێناو درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی دەیەوێت گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیادا بکات بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە کەسییەکانیدا بێت وەکچۆن لە ساڵی 2017 گۆڕینی دەستوری تورکیای بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە سەرۆک بەکارهێنا.

بە بڕوای ئۆپۆزسیۆنەکان، بریارەکەی ئەردۆغان لەبارەی دانانی دەستوری نوێ، راکردنە لەو قەیرانانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا بەرۆکی تورکیایان گرت، جگە لەوانەش، بە بڕوای بەشێک لە شارەزایان، ئەمە هەوڵێکە بۆ درێژکردنەوە و توندترکردنی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کوردەکان و پارتەکانیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا