لە عێراق بێتاوانەکان دەکوژرێن

ئەم بابەتە 72 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

کۆمەڵێک چالاکوانی عێراق هەڵمەتێکی ئەلیکترۆنیان دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لەپێناو داخستنی هەژماری چەند سەرکردەیەکی میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لە سەروو هەمووشیانەوە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی جوڵانەوەی ئەهلی حەق.

ئەو چالاکوانانە ئاماژەیان بەوەکرد، “تەنانەت رێگری لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش دەکرێت تویتەر و فەیسبوک بەکاربهێنێت بەهۆی پێشێلکارییەکانییەوە، کەچی سەرکردەی میلیشیاکانی ئێران بەنمونە سەدر و خەزعەلی بە ئاسانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن و هەڕەشە لە چالاکوانانی عێراق دەکەن.

ئامانجی هەڵمەتەکەی ئەو چالاکوانانە، کۆکردنەوەی پێنج هەزار واژۆی ئەلیکترۆنییە لەپێناو داخستنی هەژماری چەند سەرکردەیەکی میلیشیاکان، بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، هەتا ئێستا دوو هەزار و 700 واژۆ کۆکراوەتەوە.

لەوبارەیەوە چەند چالاکوانێکی بەشدار لە هەڵمەتەکە دەڵێن: “ئێمە لەپێناو ئەوە واژۆمان کۆکردووەتەوە چونکە میلیشیاکان کۆمەڵەی “تیرۆرستین” و لەگەڵ ئێراندا دژی ئاشتی کاردەکەن و کەسانی بێتاوان دەکوژن.

زۆرجار کەسانی بێتاوان لەسەر بڵاوکراوەکانیان دەکوژرێن و دەستگیردەکرێن

بەشێکی دیکە لە چالاکوانان پێیانوایە، هەژماری سەرکردەی ئەو میلیشیایانە هەڕەشەیان لێدەکەن و هەوڵ بۆ کوشتنیان دەدەن، بەپێی قسەی ئەوان، زۆرجار کەسانی بێتاوان لەسەر بڵاوکراوەکانیان دەکوژرێن و دەستگیردەکرێن، بۆیە پێیانوایە ئەو هەژمارانە زۆر مەترسیدارن و توندوتیژی و “تیرۆر” بڵاودەکەنەوە، دەشڵێن: داخستنی هەژماری ئەو کەسایەتییانە دۆخی عێراق باشتر دەکات و پارێزگاری لە ئاشتی ناوخۆیی دەکات.

بەپێی ژمارەیەک راپۆرت، ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێران رۆڵی باڵایان هەبوو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ساڵی 2019 و هەر ئەوان بوونە هۆکاری کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر و رفاندن و کوژرانی چەندین چالاکوان.

لەماوەی رابردووشدا، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر سەرکردە باڵاکانی دەستەی حەشدی شەعبیدا سەپاند بە تۆمەتی بەشداریکردن لە رشتنی خوێنی خۆپیشاندەرانی عێراق و کەسانی بێتاوان.

ئەو سزایەی ئەمریکا فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیشی گرتەوە بەتۆمەتی ئەوەی پێشێلکاری مەترسیداری مافەکانی مرۆڤی ئەنجامداوە و لە ساڵی 2019 دەستی هەبووە لە هێرشکردنەسەر خۆپیشاندەران.

لەوبارەیەوە، لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا ئاماژە بەوەکرا، فەیاز ئەندامی ئەو شانەی قەیرانە بوو کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 بە بەشداری سەرکردایەتییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەپێناو سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، بە پاڵپشتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پێکهێنرا.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا میلیشیاکانی عێراق ئەجێندا و ئامانجی سیاسی ئێرانیان جێبەجێکرد

بەپێی یاسای عێراقی، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەپێناو روبەڕوبوونەوەی رێکخراوی چەکداری داعش تێکەڵ بە هێزە حکومییەکانی عێراق کران، بەڵام بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەم میلیشیایانە دەستیانکرد بە گەڕان بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیاندا و لەجیاتی بەرگریکردن لە دەوڵەتی عێراق و هاوڵاتییەکانی، ئەجێندا و ئامانجی سیاسی ئێرانیان جێبەجێکرد.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هێزەکانی ئەهلی حەق کە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرکردایەتی دەکرێن هەستان بە رفاندن و کوشتنی 12 هاوڵاتی ناوچەی فەرحاتییە نزیک لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەڵاحەدین.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، رەوتی سەدر لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەستاوە بە کوشتنی هەشت کەس و بریندارکردنی دەیان کەسی دیکە لە خۆپیشاندەرانی بەسڕە، جگە لەوەی بەشدار بووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دیکەی عێراق.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشدا باس لەوە کراوە، لایەنەکانی سەربە ئێران لەناو دەستەی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە هەڵمەتی کوشتنی چالاکوانانی سیاسی لە عێراق و ئەو کەسانەی داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد و بێساختەکاری دەکەن و داوای رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک