پۆڵەتیک پرێس
فالح زیادی، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دەدرێت.
زیادی بە میدیاکانی عیراقی راگەیاند، ئەندامانی پەرلەمان لە چاوەڕوانی ناردنی راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەدان لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە و بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، رۆژی دووشەممە یاخود سێشەممە دەنگی لەسەر بدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو کێشانەی بووەتە بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە، پشکی دارایی هەرێمی کوردستانە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی متمانە و راستگۆیی هەرێم لەبارەی پێشکەشکردنی داتا دارایی و نەوتییەکان.
وتیشی: هەتا رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم روون و ئاشکرا نەبێت، ناتوانرێت پڕۆژەیاسای بودجە تێبپەڕێندرێت و دادپەروەری بێتەئاراوە.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە هەندێک لە بڕگەکانی ناو پڕۆژەیاساکە.