شاندی هەرێم كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە ئەنجامدەدات

پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە ئێوارەی رۆژی یەك شەممە 31-1-2021 شاندی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە ئەنجامبدات.

پێشتر شاندی دانووستانكاری هەرێم لە بەغدا گەڕانەوە بۆ هەولێر و لەگەڵ مەسروربارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداو بڕیارە لەكۆبوونەوەی رۆژی یەك شەممە شاندەكە كۆتا وەڵامی هەرێم بدەن بەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە گفتوگۆكانی پرۆژە یاسای بوجەی 2021 ی عێراق لەلیژنەی دارایی بەرەوكۆتایی دەڕوات و ئەگەری ئەوە هەیە لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا پرۆژە یاساكە ئامادەببێت بۆ خوێندنەوەی دووەم‌و پەسەندكردنی.

فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا لەو بارەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی زۆر گرنگ دەبێت و هەموو ئەو پرسیارانەی دەربارەی داهاتی نەوتی و نا نەوتی ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراوە بە فەرمی وەڵامدراونەتەوە.

فارس عیسا وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا وەڵامی كۆدەنگی شیعە وەردەگرین، چونكە پێشتر هەر لایەنێك بۆچوونێكی هەبوو دەربارەی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند هەندێكیان توند بوون هەندێكیان نەرم بوون هەندێكیان ئاسایی بوون.

پێشتر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاندبوو، ئەمجارە شاندی هەرێم بە فەرمی و بە روونی و ئاشكرایی رایگەیاندووە، پابەندە بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت یان نرخی نەوتەكە، زۆربەی كێشەی لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا ئەوەبوو كە نەوت رادەستناكرێت یان داهاتەكەی رادەستناكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی دەربڕیوە بەو خاڵە و تەنیا ماوەتەوە میكانزمی چۆنیەتی رادەستكردنەكە بۆ نموونە ئەگەر نەوت بوو چۆن رادەست بكرێت ئەگەر نرخەكەی بوو بە نرخی سۆمۆ یان بەو نرخەی هەرێم دەیفرۆشێت دیاری بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا