هەژارانی عێراق وەك زەخیرەی سیاسی

ڕێكەوت نەبوو ڕۆژانی ڕابوردوو دوو خۆكوژەكەی شاری بەغدا لە بازاڕی لەنگە خۆیان تەقاندەوە. لەنگە شوێنی بازاڕی هەژاران یان ئەوانەی نزیكن لە هەژارییەوە. ئەوەی لەوێیە بە ئاسانی مامەڵەی پێوەدەكرێت و دەستبەرداریی دەبێت لە میانەی سیاسەتی نوێی عێراقدا. بە پێی ڕاپۆرتی بانكی نێودەوڵەتیی، هەژاران ژمارەیان لە هەڵكشاندایە لە عێراقدا، هەرچەندە بە یەكسانی نا.

هەتا چەند ساڵێك لەمەوپێش نمایشی هەبوون یان سامان لە كوردستان بە شێوازی جیاواز و زۆر جار كاریكاتێریی و بێ زەوقانە خۆی نمایش دەكرد، لە كڕینی ژمارەی جوانی تەلەفون، ژمارەی جوانتری ئۆتۆمبێل، گۆڕینی بەردەوامی كەلوپەلی ناوماڵ، پڕ كردنی دەشت و دەر لە پاشماوەی خۆراك و نایلۆن.

هەموو ئەمانە خەریكە دەبنە یادەوەریی بۆ زۆرێك. هەژاری لە گەڕانەوەدایە.

كاتێك ئەو هەموو هەژارەی ساحەی گیران مردن، پارتە سیاسییەكان ئامانجەكەی خۆیان پێكا،تایفییەت دەمەزەردكرایەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێكرد، ئینجا هەرزوو كۆمێنتەرە بۆینبایخدارەكان هاتنە سەر شاشەكان و موژدەی ئەوەیان دا كە دۆخەكە ئاسایی بوەتەوە.

گەرچی بە هیچ پێوەرێك نابێت عێراق هەژاربێت بەڵام كۆمەڵێك هۆكار هەیە كە هەژاری دەكات: گەندەڵی، تێچونی زۆری حوكمداریی، پێداویستی زۆری هێز و ناوەندە سیاسییەكان بۆ پیادەكردنی سیاسەت و درێژەدان بە ململانێكانیان، بۆ دابینكردنی بژێوی چەكدارەكانیان و لە سەری هەمویەوە سوپا ئەلیكترۆنییەكانیان.

هەژاران دەكوژرێن و بە كوشت دەدرێن وەك كارێكی ئاسایی دەرخەریی ئەوەیە كە سیاسەتی عێراق نەك تەنها مرۆڤەكان هەژار دەكات، بەڵكو پاش هەژاركردنیان لە مرۆڤەوە دەیانگۆڕێت بۆ زەخیرەیەكی سیاسی، بە ئاسانی بە كوشتیان دەدات و لە بیریان دەكات. لە كاتێكدا هەژاران هەتا بێت ژمارەیان زیاتر دەبێت ئەوا بەها و نرخیان لای نوخبەی سیاسی هەتا بێت كەمتر دەبێت. لە بەرامبەردا زیاتر و زیاتر ناچار دەبن كە ببنە بەشێك لە ئەو پرۆسەی خوێناوییەی كە ناوی سیاسەتە.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا