پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە وتارێكدا سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو رابگەیەنێت كە بەوتەی خۆی دەیەوێت ئەمریكا بە بەهێزییەوە بگەڕێنێتەوە بۆ هاوكێشە سیاسییەكان.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، رۆژی دوو شەمە كە دەكاتە یەكی شوبات، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە رێگەی پێشكەشكردنی وتارێكەوە سیاسەتی نوێی ئەمریكا بۆ لەسەر ئاستی جیهان ئاشكرا دەكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، وتارەكەی دەبێتە یەكەم وتاری سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ سەرۆكی نوێی ئەمریكا لەو كاتەوەی كە لەپۆستەكەی دەست بەكاربووە.
پێشتر جێن پساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاندبوو، كە بایدن رۆژی دووشەممە سەردانی وەزارەتی دەرەوە دەكات و لەوێ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبێتەوە.
لەماوەی رابردودا چەندینجار بایدن رایگەیاندووە، لەسەر ئاستی جیهان كار بۆ گەڕانەوەی شكۆ بۆ ئەمریكا دەكات و بەشێوەیەكی بەرچاو بەسیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا دەچێتەوە.