پۆڵەتیک پرێس
ماڵپەڕی ئینتێلێجنس ئۆنڵاین بڵاویکردەوە، هەڕەشە بەردەوامەکان بۆسەر ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق ئەمریکای هانداوە، خوێندنەوەی زیاتر بۆ بژاردەی گواستنەوەی سەربازەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بکات و بنکە سەربازییەکانیشی لەوێ بەرفراوان بکات.
ئەو ماڵپەڕە هەواڵگرییەی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، سەربازانی ئەمریکا لەدوای ئەوەی ساڵی 2020 لە عێراق ژمارەیان کەمکرایەوە، هەتا ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی لە بەغدا دەستبەکارن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کونسوڵگەیەی ئەمریکا کە لە هەولێرە و لە ساڵی 2018ەوە کاری تێدا دەکرێت، دەبێتە گەورەترین کونسوڵگەی ئەمریکا لە جیهاندا کە رووبەرێکی گەورەی هەیە و چەندین بینای لۆجستی و رووبەری تایبەت بە یەکەی سەربازی لەخۆدەگرێت و بڕیارە ساڵی 2022 بکرێتەوە.
ماڵپەڕەکە ئاشکرایکرد، ئەمریکا نوێکردنەوە و بەرفراوانکردنی بنکە سەربازییەکانی دیکەی لە کوردستان بەدوور ناگرێت، بەنموونە لە ئێستادا کر لە بنکەی “هەریر”دا دەکات کە 70 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی هەولێرەوە دوورە و لە ساڵی 2003ەوە ئەمریکا وەک بنکەی راهێنان بەکاریدەهێنێت.
هەر بەپێی ماڵپەڕەکە، پنتاگۆن بیر لە بڵاوەپێکردنی سەربازی زیاتر دەکاتەوە لە بنکەی “سۆران” کە چەند کیلۆمەترێک لە بنکەی “هەریر”ەوە دوورە.
سەرباری ئەوەی ساڵی رابردوو پێنج بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق داخران و ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق کەمکرایەوە، ئەمریکا دەیەوێت لە کوردستان زیاتر خۆی جێگیربکات.