ئەگەری رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بەهێزە

پۆڵەتیك پرێس:
ئەگەری رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بەهێزە، كە ماوەیەكە گفتوگۆ لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوانیان دەكەن‌و گفتوگۆكانیش بەردەوامی هەیە.

بڕیارە رۆژی یەك شەممە 31ی كانوونی دووەم شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوەو سەردانەكەش بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر پشكی هەرێم لەپرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ.

چوونی شاندەكە لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردووش هەمان شاند لەشاری بەغدابوون‌و چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ لایەنی عێراقی كرد.

كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردوو چەند پێشنیازێكی تێدا تاوتوێكراوەو لەپێشنیازەكانیش چەند بژاردەیەك خراوەتە بەردەم شاندەكەی هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس، یەكێك لەبژاردەكان، ئەوەیە حكومەتی هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقەوە هەناردە بكات‌و هەولێریش بەو پێشنیازە رازی بووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان ماوەتەوە سەر چۆنییەتی دیاریكردنی میكانیزمی رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لەپێشنیازەكە هاتووەو بڕیارە چوونی شاندەكە بۆ بەغدا ئەوەش یەكلابكاتەوە.

لەو بارەوە ئەڵماس فازڵ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پێشنیازەكان تاوتوێكراوەو بڕیارە بەم نزیكانە یەكێك لەپێشنیازەكان یەكلابكرێتەوە.

ئەڵماس فازڵ وتیشی: هەرێمی كوردستان‌و عێراقیش پێویستیان بەیەكترەو ئەگەر هەیە لەسەر كێشەكان بگەنە رێككەوتن‌و بەو هیوایەش گفتوگۆكان ئەنجامدەدرێت.

چەند ساڵێكە كێشەو ئاڵۆزی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەسەر نەوت‌و بودجە هەیەو بەم دوایانەش هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن، ئەو كێشانە بەتەواوی چارەسەربكرێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک