شیعه‌كان چوار بۆچونیان له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی عێراق هه‌یه‌

ئەم بابەتە 245 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ و سبه‌نێ یه‌كشه‌ممه‌، فراكسیۆنه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان پێشنیاره‌كانى خۆیان ده‌رباره‌ى پشكى هه‌رێم له‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ به‌ فه‌رمى ده‌خه‌نه‌ڕوو.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”چوار بۆچونى جیاواز له‌ نێو فراكسیۆنه‌ شیعه‌ و سوننه‌كاندا ده‌رباره‌ى پشكى كورد هه‌یه‌، بۆچونێك داواى راده‌ستكردنى هه‌موو نه‌وتى هه‌رێم ده‌كات، بۆچونێكی دیكه‌ داواى راده‌ستكردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت یان داهاته‌كه‌ى ده‌كات، بۆ چونێكیش داواى راده‌ستكردنى 350 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌كات و كۆتا بۆچونیش داواى راده‌ستكردنى 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌كات”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى عێراق وتیشى:”هیچ كام له‌ بۆچوونه‌كان فه‌رمى نین و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ و سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ بۆچونى فه‌رمى لایه‌نه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان ده‌رباره‌ى پشكى هه‌رێم وه‌ربگرین و گفتوگۆى له‌سه‌ربكه‌ین، چونكه‌ گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌و ماددانه‌ى له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌”.

گفتوگۆكانى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ده‌رباره‌ى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى 2021 درێژه‌ى هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا گفتوگۆكان كۆتاییان بێت و لیژنه‌ى دارایى ره‌وانه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى بكات بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌رى.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پۆڵه‌تیك پرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك لەئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیكه‌وتووه‌، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی چەسپاندنی پشكی هەرێم لەبودجەی ساڵی 2021 سەردانی بەغداد دەكات و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عێراق دەستپێدەكاتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک