“شەوێك لەناكاو دێین” هەموو شتێك یەكلایی دەكەینەوە؟

لەگەڵ دروستبوونی هەر بۆشایی و كەلێنێكدا، هێرش و دەستدرێژییە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر گەلی كوردستان رۆژ بەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، ئاماژە و ڕەوتی رووداو و كەلێنەكان، دەستوەردان و دەستدرێژی و هێرشی زیاتری توركیا پیشان دەدەن، لە باكور و رۆژئاوا و هەرێمی #كوردستانیش .

هاوكات لەگەڵ دەستدرێژییەكانی لە سۆماڵ بۆ قەوقاز و لیبیا و قوبرس و #سوریا و #عێراق… هتد، بە سوودوەرگرتن لە بۆشایی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ گرووپە جیهادی و ئیسلامییەكان، لەگەڵ ئەمەشدا رووبەڕووی ناكۆكی و گرژی زیاتر دەبێتەوە لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تەنانەت لەگەڵ ناتۆ و زۆربەی ئەندامەكانی و ئەمریكا و كەنەداش .

لەسەروبەندی سەرقاڵبوونی جیهان بە ئاڵوگۆری دەسەڵات لە ئەمریكا و كاریگەرییەكانی، لە هەفتەی رابردوو ئەردۆگان لە دوای بەجێهێنانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی كەرەم ئایدنلار لە ئیستانبوڵ لەبارەی دۆخی شنگال بە روونی بە زمانێكی هەڕەشەوە، ڕای گەیاند، وڵاتەكەی رەنگە خۆی دەستوەرداتە كاروباری ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەی گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچەیە دەربكات، گوتی ،”من هەمیشە گوتەیەكم هەیە كە دەڵێم “شەوێك لەناكاو دێین، هەموو بابەتەكەش هەر ئەمەیە”. هەفتەی پێشووتریش لە 20ی ئەم مانگە خلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكە مستەفا كازمی رای گەیاند، لەگەڵ توركیا “لەسەر چارەسەركردنی هەڕەشەكانی تیرۆر لە ناوچە سنوورییەكان هاوڕا بووین”!.

دیارە ئەوان مەبەستیان لە تیرۆر روونە، تاوانی رۆژانەی پارتی داد و گەشەپێدان و دەوڵەتانی داگیركەر و خۆسەپێن لە كوشتن و بێ سەروشوێنكردن و هێرشەكانیان دژ بە سەرەتاییترین بنەماكانی مافی مرۆڤ لە ناوەوە و دەرەوە ناچێتە چوارچێوەی تیرۆری دەوڵەتی؟ ئەوان پێی دەڵێن “ڕاگرتنی ئارامی و چەسپاندنی یاسا”!، بەڵام تێكۆشانی گەلی كوردستان و گەلانی ئازادیخواز و میللەتانی ژێردەستی ئیمپریالیزمی سەرمایەداری و قوربانی دەستی شۆڤینیەتی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی بە پێوەرەكانی ئێستای جیهان دەخرێتە لیستی تیرۆر، ئەو لیستەی لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و ملكەچپێكردنی زیاتر رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتری دەكەن دژ بە زۆرینەیەكی پەراوێزخراو، بەجۆرێك لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهاكانی مافی مرۆڤ و گەلان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پاشەكشە دەكات بەهۆی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، تا ئاستێك ئەوەی لە دوێنی بەهۆی تێكۆشانی گەلان و كرێكاران و هەژاران بەدەست هاتبوو ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسی گەورەدایە.

سەرەرای بەردەوامی گرتن و زیندانیكردنی هەزاران كورد و چالاكی ساسی بەهۆی بیرورای سیاسی و رەتكردنەوەی بڕیاری یەكێتی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش، لەم چەند رۆژەدا توركیا لە ناوخۆیدا جارێكی تر ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەكەكە درێژكردەوە لە شاخەكانی باكور و پارێزگای ئاگری، چەندین ناوچە و شاریشی وەك ناوچەی ئەمنی دەستنیشان كرد، جگە لەبەردەوامی هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، تا دێت زیاتر خۆی كۆدەكاتەوە بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر شەنگاڵ و هەرێمی كوردستان، بیانووی ئەوان بوونی پەكەكەیە، بەڵام مەبەستی سەرەكی گواستنەوەی قەیرانە ناوخۆییەكانی توركیا و بەردەوامی ژێردەستەیی گەلی كوردستان و ئەجندای شۆڤینیەتی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییە.

لە كاتێكدا زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام هێرشی ئەمجارەی توركیا بۆ دانانی بنكەی سەربازییە لە شەنگال و دەوروبەری كە مەبەستی سەرەكی نەهێشتنی پەیوەندییەكانی نێوان كانتۆنەكانی رۆژئاوا و هەرێمی كوردستانە بۆ گەمارۆدانی زیاتری رۆژئاوای كوردستان و باشور، رێككەوتننامەی نێوان حكوومەتی بەغدا و هەرێمیش لەبارەی شەنگالەوە بەدوور نەبوو لەو ئەجندایە .

دەستدرێژی و داگیركاری توركیا لە كاتێكدایە توركیا بەهۆی سیاسەتەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی رووبەڕووی قەیرانێكی گەورەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەبێتەوە، بەجۆرێك بەپێی راپۆرتەكان تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو رێژەی بێكاری و داكشانی ئابووری چۆتە ئاستێكی مەترسیدار، لە ئاستی سیاسیش تا دێت ناسەقامیگری زیاتر دەبێت و فشارەكانیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دژ بە داد و گەشەپێدان زیاتر دەبێت، لەكاتێكدا كاتی هەڵبژاردنی ئاسایی دەبێت لە ساڵی 2023دا بێت.

ئەمڕۆ ئەردۆگان بەرۆژی رووناك هەڕەشەمان لێدەكات و زۆر بە ئاسانی بە بەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەرانی دەسەڵاتی هەرێم، گوندنشینان شەهید دەكات و رەز و باغمان دەسوتێنێت، بەوەندەش ناوەستێت و دوایش دەڵێت: “شەوێك لەناكاو دێین”، هەموو شتێك یەكلایی دەكەینەوە، كەچی لای ئەمان نەبایە و نە باران، لە بارەی ئێمەوە وەك گەلی كوردستان رووبەڕووی پرسیارێكی بنەڕەتی دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە، ئەوە چ هەلومەرجێكه وایلێكردووین لە باشور تەنیا رۆڵی بینەرمان هەبێت یا بۆ بمێنێتەوە لەكاتێكدا هێرشی شۆڤینیەتی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە عێراق و توركیا و ئێران رۆژ لەدوای رۆژ لەسەرمان زیاتر دەبێت؟ بێگومان ئەم پرسیارە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرە نییە، چونكە ئەوان رۆڵێكی تر دەبینن.

هیوا عومەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا