پۆڵەتیک پرێس
موزەر کەرەوی، پەرلەمانتاری عێراق پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بدرێت.
کورەوی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە گەیشتووەتە قۆناغێکی باش و زیاتر لە %80ی بابەتە گرنگەکانی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە یەکلاکراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت.
وتیشی: کێشە هەرە ئاڵۆزەکە کە تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە بریتییە لە دۆسیەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییە گەوهەرییەکان ئەنجامدراون کە لە گرنگترینیان کەمکردنەوەی خەرجی گشتی حکومەتی عێراقە.
ماوەی دوو هەفتەیە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە هەندێک لە بڕگەکانی ناو پڕۆژەیاساکە.