بایدن ئیسرائیل و کۆمارییەکان توڕە دەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە هەنگاوێکدا کە توڕەبوونی بەشێک لە کۆمارییەکان و ئیسرائیلی لێکەوتەوە، ئیدارەی جۆ بایدن رۆبەرت مالی راوێژکاری پێشووی ئیدارەی باراک ئۆبامای وەک نێردەی تایبەت بە ئێران دەستنیشان کرد.

رۆبەرت مالی ساڵی 2015 لە ئیدارەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئەندام بوو لە تیمی تایبەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران و هێزە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو رێککەوتنەی دواتر لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە لێی کشایەوە.

پێشتریش، مالی لەلایەن هەندێک لە یاسادانەرە کۆمارییەکان و کۆمەڵەکانی سەر بە ئیسرائیل رووبەڕووی رەخنە بووەوە کاتێک بۆیەکەم جار وەک کاندیدی سەرەکی بۆ ئەو پۆستە دیاریکرا بەو بیانووەی رەنگە لەگەڵ ئێران میانڕەو و لەگەڵ ئیسرائیل توندڕەو بێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەکاتی دەستبەکاربوونی، مالی لە پێشەوەی هەوڵەکانی بایدن دەبێت بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لەدوای ئەو هەموو ساڵە لە پەیوەندی ئاڵۆز کاتێک ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو.

لەماوەی رابردوودا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پەیمانیدا بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەو مەرجەی ئێران پابەند بێت بە خاڵەکانی رێککەوتنەکە و لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بوەستێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک