فیلمەكەی بارزانی هەڕەشەیە بۆ سەر پەیوەندییەكانی هەولێرو تاران

پۆڵەتیك پرێس:
نمایشكردنی فیلمێك‌و نیشاندانی لەم كاتەدا بەو ناوەڕۆك و پەیامەوە، “جگە لە هەوڵێك بۆ لاوازكردن و شكاندنی كوردو بەئامانجگرتنی كەسایەتی بارزانی هیچی تر نییە”.

ئەمە بۆچوونی زۆرێك لەبەرپرسانی پارتی دینەكراتە، وەك كاردانەوەیەك لەبەرانبەر فیلمی تەوەكول، كە هەفتەی رابردوو بڵاوكرایەوەو ناوەڕۆكەكەی تایبەت بوو، بە بەهاناوەهاتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس، بۆ رێگری لەچەكدارانی داعش بۆ سەر هەولێر.

زۆرێك لەبەرپرسانی پارتی بە دیمەنەكانی ناو فیلمەكە “شۆك” بوون

زۆرێك لەبەرپرسانی پارتی بە دیمەنەكانی ناو فیلمەكە “شۆك” بوون، كە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی سوپای پاسدارانی ئێران فیلەكەی بەرهەم هێناوەو 9 خولەك پێكهاتووە.

بەشی زۆری فیلەكە باسی توانای قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی ئێرانی دەكات، كە لەكاتێكی سەخت‌و دژواردا بەدەم مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەساڵی 2014 هاتووە، بۆ ئەوەی رێگری لەهێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر هەولێر بكات.

هەروەها لەفیلمەكەدا بارزانی، ترساو تۆق‌و شڵەژاو نیگەران دەردەكەوێت، كاتێك ئەمریكی‌و فەرەنسی‌و وڵاتانی تر وەڵامی نادەنەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی داع بكەن بۆ سەر هەولێر.

لەفیلمەكەدا بارزانی، ترساو تۆق‌و شڵەژاو نیگەران دەردەكەوێت

ئێستا فیلمەكە ئاگری لە گیانی سەركردە و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرداوەو لەكاردانەوەشدا سیروان بارزانی برازای سەرۆكی پارتی‌و نیچرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و چەندین بەرپرسی تر كاردانەوەیان نواندووەو ناوەڕۆكی فیلمەكەیان بە “سوكایەتی” وەسفكردووە.

فیلمەكە ئەوەش دەگێڕێتەوە، كە چۆن مەسعود بارزانی شكست دەهێنێت لەهەوڵەكانی بۆ رازیكردنی وڵاتانی جیهان، كە خۆی باوەڕی وابوو دۆست دڵسۆزی كوردن، بەڵام دوای بێ هیوایی ناچار دەبێـت پەیوەندی بە فەرماندەی هێزی قودسی ئێران قاسم سولەیمانی بكات و داوای یارمەتی لێبكات، بۆ ڕزگاركردنی هەولێر لەكەوتنە دەستی داعش.

هەر لەفیلمەكەدا دەردەكەوێت، دوای پەیوەندی بارزانی بەقاسم سلێمانی، ناوبراو دەڵێت: “یەك شەو بوەستە، سبەی دێم”، پاشان فڕۆكەیەكی بچوك لە كۆتایی فیلمەكەدا دەردەكەوێت، كە جەنڕاڵە ئێرانییەكە لێی دێتە خوارەوەو لە تەنیشتییەوە ئەبو مەهدی مووهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق یاوەری دەكات.

یەكێك لە نیشانە شۆكهێنەرەكانی فیلمەكە ئەوەیە، كە سولەیمانی وەك كارەكتەرێكی لاواز مامەڵەی لەگەڵ بارزانیدا كردووە، كە لەفیلمەكەدا سیماكانی بێهیوایی و سەرلێشیواوی بە بارزانییەوە زۆر دیارە.

سولەیمانی وەك كارەكتەرێكی لاواز مامەڵەی لەگەڵ بارزانیدا كردووە

عەلی عەونی، یەكێكی ترە لەسەركردەكانی پارتی‌و لەكاردانەوەدا نووسی: فیلمەكە و ڕووداوەكانی، دەرك و چیرۆكن لەخەیاڵی فارسەكاندا، هاوشێوەی ئەفسانە كۆنەكان و ڕۆمانێك، كە هیچ شاهیدحاڵێك پشتگیری ناكات.

عەلی عەونی ئەوەشی نووسیوە، ئەوان كاتێك هاتوون، هەولێر دوور بووە لەمەترسی‌و هاوپەیمانانیش پێش هەموولایەك هاوكارییان گەیاندووەتە هەولێر.

ئەوەشی نووسوە، ئێرانییەكان گاڵتە بە بەرپرسانی كورد دەكەن، بەتایبەت مەسعود بارزانی، كە ئێمە ئەوە بە ئاماژەیەكی گەورە دەزانین بۆ كورد، نەك تەنیا بۆ بارزانی.

پێشتر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنیەكاندا نكۆڵی لەوە نەكردووە، كە ئێران لە شەڕی دژی داعش هاوكاری هەرێمی كردووە، بەڵام بەرپرسانی پارتی نكۆڵی دەكەن لەبڵاوبوونەوەی ئەو زیادەڕۆییانە سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەو كاتی نێوان بارزانی‌و قاسم سولەیمانی.

هەر لەدرێژەی كاردانەوەكان، هەرێمی كوردستان یاداشتی ناڕەزاییان پێشكەشی كونسوڵخانەی گشتی ئێران لە هەولێر كردووەو ناڕەزاییان بەرانبەر بەو فیلمە دەربڕیوە، كە ئەمە وەك مەترسییەك دادەنرێت بۆ تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

هەورەها نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران نازم ئەلدەباغ لە ڕێگەی كونسوڵخانەوە یاداشتی ناڕەزایی پێشكەشی حكومەتی ئێران كردووەو وەڵامی فەرمیش ئەوە بوو، كە ئێران بەرپرسیاری بەرهەمهێنانی فیلمەكە هەڵناگرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا