پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق باس لەوەدەكات، شاندی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەو قوتی خەڵك ناچنە بەغدا، بەڵكو دەیانەوێت ئەو سیاسەتی نەوتەی خۆیان و كۆمپانیاكانیان سودمەندن بەردەوامی پێ بدەن.
موسەننا ئەمین ئەندامی هاوپەیمانی هیوای كوردستان لەپەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا تەنها بۆئەوەیە تا شەرعیەت یان چەترێكی یاسایی وەربگرن، بۆئەوەی لەچوارچێوەی ئەو چەترەدا سیاسیەتی هەرزانفرۆشی نەوت و تاڵانكردنی نەوت بەردەوام بێت و خەڵك برسی بكەن.
وتیشی، “سیاسیەتی عێراقیش ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دژە كوردی و تەسككردنەوەی دەسەڵاتەكانی دەڕوات، لەئەنجامدا دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت، ئەو شاندانەی هەرێمیش كە دێنە بەغدا بۆ دابینكردنی موچە و قوتی خەڵك نایەن، بەڵكو دەیانەوێت ئەو سیاسەتی نەوتی خۆیان و كۆمپانیاكانیان سودمەندن بەردەوامی پێبدەن، ئەنجامەكەشی دیارە، تەنها بۆ ئەوە دەچنە بەغدا كێشەی خۆیان چارەسەر بكەن، نەك كێشەی خەڵك”.
لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایی بودجەشەوە موسەننا ئەمین باسی لەوەكرد، بۆ هەفتەیەك یان دە رۆژی داهاتوو چاوەڕێدەكرێت داڕشتنەوەكە كۆتایی پێبێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەمەش دوای سەردانیكردنی چەندجاری شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا دێت، كە تائێستا ئەنجامی دانوستانەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بێ ئەنجام بووە و بەدەستی خاڵی گەڕاونەتەوە.