پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە كۆدەبنەوە

پۆڵەتیك پرێس

پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆدەبنەوەو تاوتوێی دروستكردنی لیستێكی نیشتیمانی لەناوچە جێناكۆكەكان دەكەنەوە.

جەمال حەوێز جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لەشێوازی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراق دروستبووە ئەگەر لایەنە سیاسییەكان یەك دەنگ و هەڵوێست نەبن لە دیاریكردن و پشتیوانی كردنی كاندیدەكانیان بەتایبەت لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێم ئەوە بەزیانی كورد دەشكێتەوە.

وتیشی، “ئەگەر لایەنە سیاسیەكان یەك هەڵوێست نەبن كۆبونەوەیان لەگەڵ پەرلەمان گرنگی نابێت، بەڵام پەرلەمان دەیەوێت وەك هەنگاوی یەكەم كۆیان بكاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پەرلەمان دەیەوێت هەوڵبدات لایەنەكان بۆ كۆدەنگی و یەك لیستی نزیك بكاتەوە بەتایبەت بۆ ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم ‌ بۆ ئەوەی دەنگی كورد پەرت نەبێت و نەفەوتێت، چونكە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی كورد بەتایبەت لەناوچەكانی دەرەوە مەترسی لەسەرە.

پێشتر بڕیاربوو لە ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بریاریدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ دوابخرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا