پۆڵەتیك پرێس
حزب و لایەنە كوردییەكان لە هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ناوچە جێناكۆكەكان یەك كاندید دیاری بكەن، بەڵام تائێستا پارتی گرفت بۆ ئەو یەكڕیزییە دسوت دەكات و دەیەوێت بەجیا كاندیدی خۆی دابنێت.
مەلا كەریم شوكر بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی لە دوز خورماتوو بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، وەك حزب و لایەنەكانی سنورەكە سێكۆبونەوەیان لەبارەی یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی یەك كاندیدی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام پارتی پێی وتوون ئەوان كاندیدی خۆیان دەبێت.
وتیشی، “لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش كۆبونەوەكانمان بەردەوامە، چاوەڕواندەكرێت بگەینە ئەنجامێك، پێشتر داوایانكرد كاندیدەكە بێلایەن بێت، بەهۆی ئەوەی یەكێتی بەهێزە دواجار هاوئاهەنگ بوون بەوەی كاندیدەكە یەكێتی بێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەك یەكێتی مەرجی خۆیان دەبێت، چاوەڕوانی پارتین بۆئەوەی بزانن مەرج و داواكاریەكانی ئەوان چین، بۆ ئەوەی كاندیدێك دابنرێت كە كاندیدی شاربێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیاربوو رۆژی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر بە رێككەوتنی سیاسی و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق هەڵبژاردنەكە بۆ 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دواخرا و لەئێستاشدا حزب و لایەنەكان كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی دەكەن.