تیمە چوار كەسییەكە و ئەركەكانیان لە رۆژئاوای كوردستاندا!

خەریكە ئیدارەی (جۆ بایدن) حاڵەتی بێ ستراتیژی لە دۆسیەی سوریا تێدەپەڕێنێت. یەكەم هەنگاویشی ئیدارەدانی دۆسیەی سوریایە لە كۆشكی سپی لەلایەن تیمێكی چواركەسی. ئەمەش دوای دوورخستنەوەی هەریەك لە (جێمس جێڤری و جۆیل رایبرن) لەم دۆسیەیەدا.

لە هەمانكاتدا ئیدارەی بایدن بەشێكی زۆری دەسەڵات لەبارەی دۆسیەی سوریا لە فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (CENTCOM) وەردەگرێتەوە، لەبەرامبەریشدا دەسەڵات دەداتە ئەم تیمە چواركەسیە كە پێشتر لە سوریا كاری راوێژكاری و دیپلۆماسیان كردووە.

ئەم تیمە چوار كەسیە لەمانەی خوارەوە پێكهاتووە:
1- برێت ماكگۆڕك:
لە ئێستادا بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیایە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكادا. لە رابردوو لەسەردەمی كابینەی جۆرج بوش بەرپرسی كاروباری عێراق و ئەفغانستان بووە. هەروەها لە ئیدارەی ئۆباما جێگری وەزیری دەرەوە بووە، بۆ كاروباری عێراق و ئێران، سەرپەرشتی دانوستانی نهێنی كردووە لەگەڵ ئێران لە ساڵانی (2014 – 2016)، هەرە دواییش نوێنەری سەرۆكایەتی ئەمریكا بووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. سەركێشی بیرۆكەی پڕچەكردنی هێزە كوردیەكانی لە رۆژئاوای كوردستان كردووە.

2- زەهرە بیل:
بەرپرسی دۆسیەی سوریایە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی ئەمریكا. پێشتر بەرپرسی پڕۆگامی هاوكاری گۆڕانكاری بووە لە سوریادا (START) كە سەر بە وەزارەتی دەرەوەیە.

3- بونیت تالوار:
بەڕێوەبەری كۆمپانیای (Westexec) بۆ راوێژكاری ئەمنی، كە لەسەردەمی ئۆبامادا راوێژكاری ئیدارەی ئەمریكی بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

4- میشێل سینگ:
هەماهەنگیكاری سەرەكی بووە لەگەڵ تالوار، لە كۆمپانیای (ئیكسێك) لە ساڵی 2018 دا.

ئەركی ئەم تیمە لەم خاڵانەی خوارەوە خۆی دەبینێتەوە:
– چاڵاككردنەوە دیپلۆماسی ئەمریكی لە دۆسیەی سوریادا
– دیاریكردنی قەبارە و سروشتی هێزی ئەمریكا لە سوریادا.
-یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی هێزی كۆماندۆی ئەمریكا لە بنكەی (تەنەف).
– پتەوكردنی دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر بەسەر باكوور و رۆژهەڵاتی سوریادا.
– داڕشتنی پڵانێك بۆ ئاوەدانكردنەوە سەقامگیری لە باكووری سوریادا.
– بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی داعش

هێمن خۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا