ئاسایشی نەتەوە یان حیزب؟

ئاسایشی نەتەوەیی یان نیشتیمانی بریتییە لە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و سەروەریی ئێستا و ئایندەیی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

وڵاتان لە ژێر سێبەری ئەو ناو و نیشانە گەورە و پیرۆزە ستراتیژیەتی سیاسی، ئابووری، سەربازی و … خۆیان دادەڕێژن و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە لێی لابدا، واتە ڕەچاوكردنی ئەو پڕانسیپە ئەركێكە نە دەسەڵات، نە هاوڵاتی بۆیان نییە خۆیانی لێ ببوێرن.

كەچی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەو پڕانسیپە پاساوێكی جەواشەكارییە و لە دەستی دكتاتۆر و دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەرەكان خراپ بەكار دەهێندرێ و دەكرێتە چەترێكی خۆ پارێزی!

ئاسایشی نەتەوەیی لە سەرووی ئاسایشی حزب و سەرۆك و حكومەتە، بەڵام لێرە بەپێچەوانە دەبیندرێ، بەڵكو ئاسایشی ئەوان دەخرێتە سەرووی ئاسایشی نەتەوەیی. هەر كەسێك لە عێراق دژی سەدام حسێن یان حزبی بەعس بوایە، ئەوا بە پاساوی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری وڵات دوای ئازار ئەشكەنجەیەكی زۆر ئەگەر خوا رەحمی بە كەسێك كردبا، ئینجا سزای هەتا هەتایی بەسەردا دەسەپێندرا، دەنا لە سێدارەدانی مسۆگەر بوو.

كاتێك بەرژەوەندیی و ئاسایشی حزب یان تاكە كەس دەخرێتە سەر بەرژەوەندیی و ئاسایشی وڵات، ئەگەر ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆن بێ، ئەوا ڕۆڵی تابوری پێنجەم دەگێڕی و ئەگەر لە دەسەڵاتیش بێ فاتیحە بۆ نیشتیمان بخوێنە. ئێمە لە كوردستان بەهۆی هەلومەرجەكانی ڕابردو زیاد لە پێویست بە گرنگی و پیرۆزیی سەیری حزب دەكەین، بۆیە دەبینین حزب لە هۆكاری گەیشتن بە ئامانج، هەندێجار جێگای ئایینش دەگرێتەوە!

ئەو حزبیانە نە كەموكوڕی و هەڵەكانی خۆیان و حزبەكەیان دەبینن، نە رەخنە و نەڕاستكردنەوەیان قبولە. بۆیە دەبینین ئەو بیركردنەوە زالەی حزبایەتی لە جیاتی ئەوەی وڵات بەرەو پێشەوە ببا بە پێچەوانەوە ئاستەنگ و لیكترازان و درزخستنە نێو كەلێنی كۆمەڵ دروست دەكا.

ئایا لە كوردستان بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانە؟

نامەوێ بە ئا یان نا وەڵام بدەمەوە، بەڵام بەڵگە و ئاماژەی زۆر هەن كە بەداخەوە بەگشتی بەو شێوەیە نییە.

ئایا بۆچی كاری سیاسی لەم وڵاتە بەم شێوەیە؟
بە بۆچوونی خۆم:
یەكەم- زۆربەی هەرە زۆری حزبەكانی كوردستان لە هەلومەجی زۆر ناهەموار بە ئامانجی رزگاری و ئازادی دروستكراون، واتە ئامانجەكانیان پیرۆزبوونە و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە. ئەو پیرۆزی و قوربانیانەی سەردەمی خۆی كەم تا زۆر هەژمونیان بەسەر بیركردنەوەی خەڵكیدا هەبووە و ماویشە.

دووەم- نەبوونی دامودەزگای نیشتیمانی بەهێز و تۆكمە. ئەوەش وادەكا هەندێ كەس حزبی لا هەر پێویست و فریاد رەسبێ.

سێیەم- بەرژەوەندییە ئابورییەكان ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە، بە تایبەت دەبینین لەناو دەستە بژێری دەسەڵات گەندەڵی گەیشتۆتە ئەوپەڕی و كەسیش ناتوانێ پێیان بڵێ لە پشتی چاوتان دوو برۆ هەن.

چوارەم- دامەزروە زەبەلاحەكانی راگەیاندی حزب ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە لە چەواشەكردن و چەواشەكاری.

پێنجەم- نەبوون یا سستی ململانێی چینایەتی و ئایدۆلۆژی.

هۆكارەكان هەرچیەك بن ئەنجام و پاساوەكان یەكن. كاتێك حزبەكان ئەو هێزە هەژموون گەرا و دەسەڵاتدارانەبن كە بەرژەوەندییە تایبەتییەكان و كورسیی دەسەڵاتیان لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتی و بەها مرۆڤایەتیەكانی تر ببینن، ئامادەشن لە پێناوی ئاسایشی خۆیان، ئاسایشی نەتەوە تێكبدەن، تەنانەت بە نهێنی یان بە ئاشكراش دەست لەگەڵ ئەم دوژمن و ئەو دوژمنی كوردستان تێكەڵ بكەن!

ئارێز عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا