ئەمریكاو روسیا رێككەوتنێكی نێوانیان درێژكردەوە

ئەم بابەتە 74 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

هەردوو وڵاتی ئەمریكاو روسیا بڕیاریاندا رێككەوتنی نێوانیان لەبارەی سنورداركردنی چەكی ئەتۆمی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە درێژ بكەنەوە.

سێرگی ریابككوف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، وڵاتەكەیی و ئەمریكا ڕێككەوتوون لەسەر درێژكردنەوەی پەیماننامەی نیوستارت بۆ سنورداركردنی چەكی ئەتۆمی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە.

رێككەوتننامەی نیوستارت كە لە ساڵی 2010 لەنێوان ئەمریكاو روسیا ئەنجامدرا، رێگە دەدات ژمارەی كڵاوە ئەتۆمییەكانی هەردوولا هەزارو 550 كڵاوی ئەتۆمییان هەبێت.

لای خۆیەوە روسیا رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەردوو وڵات دەست بە ڕێوشوێنە یاساییەكانی جێبەجێكردنی ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییە دەكەن، بەوەش سنورێك بۆ موشەكە ئەتۆمییەكانی نێوانیان دادەنێن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ روسیا راگرتبوو، ئەوەش بەبیانوی ئەوەی دەیوت پێویستە وڵاتی چینیش بڕوانە ناو رێككەوتننامەكەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک