ديارترين کێشەكانى لیڤه‌رپوول

ئه‌حمه‌د هێرۆیی
یەکەم: لە کارکەوتنی دوو تاکتیکیترین یاریزانی لیڤەرپوول کە ڤاندایک و فێرمینهۆن، ڤاندایک بەهۆی دوورکەوتنەوەی بەهۆی پێکان، بۆشاییەکی گەورەی لە هێڵی بەرگری دروستکردووە و بەهۆی نەبوونی شوێنگرەوەیەکی گونجاو تەواوی نەخشەی لیڤەرپوولی تێکداوە، چونکە ڕۆڵی ئەم یاریزانە تەنها بەرگریکردن نەبوو، بەرگریکردنەکەشی شتێکی ئاسایی نەبوو، بە بۆچوونی من شێوازی بەرگریکردنی ئەم یاریزانە پێویستە لە قوتابخانەکان وانەی لە سەر بخوێنرێت. هەروەها فێرمینهۆ یاریزانێک بوو کلیل بوو بۆ تێکشکاندنی هەموو پلانێکی تیپی ڕکابەر، باشترین ژمارە 9ـی نادیار بوو، بەڵام ئەویش بەهۆی دابەزینی ئاستی لەم ماوەیەدا ناتوانێت وەک پێویست ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بە واتایەکی تر ڕاستە فێرمینهۆ بڕیارەکانی دروستن، بەڵام لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تووشی کێشە بووه‌ته‌وه‌.

دووەم: خۆپەرستی یاریزانانی هێڵی پێشەوەی لیڤەرپوول، کە ئەم کێشەیە کۆنە، بەڵام جاران زۆر پێوەی دیار نەبوو، یاخود کەم باس دەکرا، چونکە تیپەکە بەردەوام براوە بوو.

سێیەم: جاران کاتێک باسی چۆنیەتی دروستکردنی فشار دەکرا، ڕێک ناوی لیڤەرپوول دەهێنرا، بەڵام لە ئێستادا لەو لایەنەشەوە تیپەکە پاشەکشەی گەورەی کردووە و تەنها لە چەند بەشێکی یارییەکان دا پشت بە فشارکردن دەبەستێت، لە جیاتی ئەوە زیاتر کۆنتڕۆڵی تۆپ دەکەن، ئەوەش پێچەوانەی ستراتیژیەتی پێشوویە، هەروەها لیڤەرپوڵ بەهۆی هەبوونی پێشینەیەکی تۆقێنەر، تیپەکان ناوێرن یارییەکی کراوە و هێرشبەری لەگەڵدا بکەن، کە ئەوەش بە چەندین شێوە کێشەی بۆ لیڤەرپوول دروستکردووە، یان کە سەیر بکەین یاریزانانی لیڤەرپوول لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە تۆپی درێژ دەبەستن، کە زۆربەی کات شکست دێنن، چونکە تیپەکانی بەرامبەر بۆشایی کەم لە پشت خۆیان بەجێدەهێڵن، یان بەشێوەیەکی چڕ دەوەستن، ئەمەش وادەکات هەمیشە یاریزانانی هێڵی پێشەوەی لیڤەرپوول بکەونە ژێر چاودێرییەوە، ئەوەش ئەرکی وەرگرتنی تۆپ زۆر قورس دەکات.

چوارەم: شتێکی ئاساییە هەموو تیپێک دوای بردنەوەی نازناوەکان تووشی ساردبوونەوە دەبێت، بۆیە دەبێت لە لایەنی دەرونیەوە ئەم تیپە دووبارە ئامادەبکرێتەوە و ڕاهێنەر گڕوتین بخاتەوە ناو یاریزانەکان و تیپەکە دووبارە تیژ بکرێتەوە.

پێنجەم: هەرچەندە لیڤەرپوول تیپێکە پشت بە شێوازی تێکەڵ دەبەستێت لە یاریکردن، بەڵام هەموو تیپێک زیاتر پشت بەو لایەنە دەبەستێت کە زیاتر تێیدا سەرکەوتوویە، وەک کڵۆپ خۆی دەڵێت، یاری دروستکەرمان ناوێت، ئێمە سوود لە فشارکردن وەردەگرین، کە وایە پێویستە کڵۆپ دووبارە فشاری بەرز بکاتەوە بنەمای سەرەکی یاریکردنی.
شرۆڤه‌ی ئەحمەد هێرۆیی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا