پۆڵه‌تیك پرێس
زیاتر له 100 په‌رله‌مانتارى عێراق له نوسراوێكدا داوا له سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن شه‌ش مادده‌ى ناو پرۆژه یاسایى بودجه‌ى گشتى عێراق ده‌ستكاریبكرێت، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایش ده‌ڵێت “كۆى مادده‌كان به‌زیانى كورد ده‌شكێته‌وه”.
بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه په‌رله‌مانی عێراق كۆببێته‌وه و به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه ته‌رخانكراوه بۆ بانگهێشتكردنی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق.
به‌گوێره‌ی نوسراوێك، به‌واژۆی 113 په‌رله‌مانتاری عێراق داواكراوه نرخی یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر به هه‌زار و 300 دینار له بودجه‌ی ساڵی 2021ـی عێراق جێگیربكرێت و گۆڕانكاریی به‌سه‌ر به‌های ئێستای دۆلار به‌رامبه‌ر به دینار بێت.
له‌و روه‌وه جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”گۆڕانكاریكردن له به‌هاى دۆلار له ده‌سه‌ڵاتى په‌رله‌ماندا نییه و ته‌نها ده‌توانن دواكارى پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه ناكرێت چونكه به‌هاكه له پرۆژه‌یاساكه جێگیر كراوه و كورتهێنان زۆره”.
یه‌كێكى دیكه له‌و ماددانه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه داوایانكردووه گۆڕانكارى تێدا بكرێت كه‌مكردنه‌وه‌ى باجى سه‌ر موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ى موچه‌كانیان له ملیۆن و نیوێك كه‌متره هیچ باجێك نه‌خرێته سه‌ر موچه‌كانیان، به‌و ته‌ى جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌م گۆڕانكاریه ده‌كرێت بكرێت “ئێمه‌ش هاوڕاین”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، زیادكردنى مادده‌ى حه‌وتى یاسایى كورتهێنان بۆ ناو پرۆژه‌یاسایى بودجه، یه‌كێكه له‌داواكاریه‌كانى په‌رله‌مانتاران، ئه‌وه‌ش له ئه‌گه‌رى ڕاده‌ستنه‌كردنى نه‌وت به‌به‌غدا داواده‌كه‌ن نابێت هیچ پاره‌یه‌ك به‌هه‌رێم بدرێت، هاوكات داواده‌كه‌ن به‌شێك له‌و بڕگانه‌ى ناو پرۆژه یاساى بودجه‌كه لاببرێت كه په‌یوه‌سته به‌هه‌رێمه‌وه، لابردن و گۆڕانكاریكردن له هه‌ر بڕگه‌و مادده‌یه‌كیش به‌زیانى كورد ده‌شكێته‌وه.
له‌نوسراوه‌كه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌دا هاتووه، ئه‌و بڕگه‌یه له‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق ڕه‌تبكرێته‌وه، كه په‌یوه‌سته به پێدانی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم له‌نێوان ساڵانی 2014 تا 2019.