كۆبانێ، ئه‌و شاره‌ كوردییه‌ی سه‌ركرده‌كانی جیهانی یه‌كده‌نگ كرد

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

26ی کانوونی دووەمی ساڵی 2015، ئەو رۆژەی کە دانیشتووانی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان و کوردستانی گەورە و جیهانیش لەبیری ناکەن کاتێک توانرا لەو رۆژەدا هێزەکانی داعش لە کۆبانێ ببەزێنرێت و شارەکە لەدەست ئەو رێکخراوە چەکدارییە رزگاربکرێت.

شەش ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هاوپەیمانانی، لەگەڵ بۆردوومان و هێرشی ئاسمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، توانیان شاری کۆبانێ لەدەستی داعش رزگاربکەن، لە رۆژی 27ی مانگی کانوونی دووەمیشدا توانیان بە تەواوەتی شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە، جگە لە چەند گوند و ناوچەیەکی دەوروبەری کۆبانێ نەبێت کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا مانەوە.

گەماڕۆدانی کۆبانێ

لە رۆژی 13ی ئەیلولی 2014، چەکدارانی رێکخراوی داعش هێرشیانکردە سەر شاری کۆبانێ لە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، کە لەوکاتەدا لەژێر دەسەڵاتی سەربازی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بوو.

هەتا 2ی تشرینی یەکەمی 2014، داعش توانی دەستبەسەر 350 گوند و شارۆچکەی کوردی نزیک لە شاری کۆبانێدا بگرێت، ئەمەش بووەهۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ئاوارەبوون کە نزیکەی 300 هەزار کوردی لەخۆدەگرت کە لەڕێی سنورەکانی پارێزگای شانلی و ئورفە لە باکوری کوردستان هەڵهاتن، بە گەیشتن بە مانگی کانوونی دووەمی 2015 رێژەی ئاوارەکان گەیشتە 400 هەزار کەس.

هەر لە هەمان مانگدا، یەکینەکانی پاراستنی گەل بە پاڵپشتی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی بورکان فوراتی هاوبەش و پاڵپشتی سوپای سوریای ئازاد و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات لەڕێی بۆردوومان و هێرشی ئاسمانی سوپای ئەمریکی و سوپای عەرەبی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریکا، توانیان لە 26ی کانوونی دووەمی 2015 کۆبانێ لەدەست داعش رزگار بکەن.

رۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2021، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی لە کۆبانێ بەبۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوەکراوە، “داعش بووە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆسەر سوریا و ناوچەکە و جیهانیش، لەو کاتەدا کە لە لوتکەی هێزیدا بوو و دەستی بەسەر چەندین ناوچەی عێراق و سوریادا گرت و شاری رەقەی سوریای وەک پایتەختی دەسەڵاتەکەی راگەیاند”.

بەرهەڵستی کۆبانێ بووە داستان و پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستانی کۆکردەوە

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو بەرهەڵستیەی لە رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت لە شاری کۆبانێ دژی داعش سەریهەڵدا، بەرهەڵستییەکی ئاسایی نەبوو بەڵکو پشکی هەبوو لە پاراستنی سوریا و تەواوی جیهان، بەتایبەت کە لە 26ی کانوونی دووەمی 2015، بووە دەروازەی روخانی دەسەڵاتی داعش، دواتر بەرهەڵستی کۆبانێ بووە داستان و پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستانی کۆکردەوە بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەکانیان لە سەردەمی رزگارکردنی کۆبانێ هەتا روخانی سەربازی رێکخراوی داعش لە باگۆز لە رێکەوتی 23ی ئازاری 2019.

لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا، شەڕڤانە ژنەکان لە کۆبانێ بەتایبەتی و رۆژئاوای کوردستان بەگشتی، هێمایەکی دیکەی بەرخۆدان و ئازادی بوون بەجۆرێک ناوبانگیان نەک تەنیا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو گەیشتە سەرانسەری جیهان و بوونە جێگای شانازی کوردەکان.

بەدرێژایی ساڵانی شەڕ دژی داعش، کوردانی رۆژئاوا توانیان پێکهاتەی سەربازی خۆیان لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات دابمەزرێنن و لەناو ئیدارەی خۆسەریدا پۆلەکانیان رێکبخەنەوە، بەڵام کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، داهاتوویانی خستەژێر هەڕەشەیەکی دیکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەستوەردانی سەربازی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان مەترسییەکانی زیاتر کرد، بەجۆرێک ناچاربوون هەندێک لەو زەوییانەی لەکاتی شەڕی داعش رزگاریان کردن، رادەستی هێزەکانی رژێمی سوریا بکەن تا بتوانن روبەڕووی هێزەکانی سەر بە تورکیا ببنەوە.

دوای ئەو هەموو ساڵە لە شەڕ و بەرخۆدان، قەیرانی تورکیا لە کۆبانێ سەریهەڵداوە

لە ئێستاشدا، دوای ئەو هەموو ساڵە لە شەڕ و بەرخۆدان، قەیرانی تورکیا لە کۆبانێ سەریهەڵداوە، بەجۆرێک ئێوارەی یەکشەممە، دانیشتووانی کۆبانێ لەبەردەم بنکەی روسیا لە رۆژئاوای شارەکە دژی پێشێلکاری و هێرشەکانی تورکیا گردبوونەوە، لەوبارەیەوە عزەت ئۆسکلی، ئەندامی لیژنەی سوڵح لە کۆبانێ رایگەیاند، روسیا لە ناوچەکە بە ئەرکی خۆی هەڵناسێت لەکاتێکدا تورکیا لەڕێی بۆردومانی فڕۆکەوانییەوە بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و خەون بە بنیادنانەوەی ئەمپڕاتۆریەتە عوسمانییەکەی پێشوویەوە دەبینێت.

سەرەتای مانگی ئەیلولی 2015، روسیا ئامادەیی سەربازی خۆی لە سوریا راگەیاند و لەوبارەیەوە ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، سەرەتا دەمانەوێت پاڵپشتی سوپای سوریا بکەین لە روبەڕوبوونەوەی “تیرۆر” و ئەم پاڵپشتییەش لەڕێی هێزی ئاسمانی سەربازییەوە دەبێت بەبێ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییە زەمینییەکان.

بەڵام لەنێوان داعش و رژێمی سوریا و هێزەکانی سەر بە تورکیا، ئەو پرسیارە دێتەئاراوە، ئایا داهاتووی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان لە داهاتوودا چی بەسەردێت؟

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا