زانیاری لەسەر کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی

پۆڵەتیک پرێس

لە کۆبوونەوەکەی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تاوتوێی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی سەر بە بەغدا کراوە.

لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەک بە میدیاکانی عێراقی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی لاری نییە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان هەردوولایەندا ئەنجامدەدرێت بۆ جێگیرکردنی ئەو خاڵانەی تاوتوێکراون لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق.

ئێوارەی دووشەممە، شاندێکی هەرێم کە پێکهاتبوو لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، خالید شوانی وەزیری هەرێم و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.

پێشتریش سەرچاوەیەکی حزبی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، شاندەکەی هەرێم لە 24 سەعاتی داهاتوو چەند کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدات بەمەبەستی جێگیرکردنی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم لەبارەی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو حکومەت، پشکی هەرێم بە %12.6ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق مەزەندە دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا موچەی وەزارەتی پێشمەرگەش لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەردا پێویستە رۆژانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کوردستان رادەستی بەغدا بکات.

لە مانگی نیسانی رابردووەوە، عێراق ناردنی پشکی هەرێمی راگرتووە و ئەمەش قەیرانێکی سەختی ئابووری بۆ کوردستان دروستکردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا