لایبزیج ڕووبەڕووی نەخۆشخانەی پاریس دەبێتەوە

پۆڵەتیك – سپۆڕت
هەموو شتێك سەبارەت بە یاری پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە لایەن هەردوو یانەكانی پاریس سانت جێرمانی فەڕەنسی و لایبزیجی ئەڵمانی ڕوون بۆتەوە و هەردوو یانە خۆیان ئامادە دەكەن بۆ شەوی سێ‌ شەممەی داهاتوو.

ڕۆژنامەكانی فەڕەنسا بڵاویان كردۆتەوە كە لە كاتێكدا لایبزیج بە باشترین شێوە خۆی گەیاندۆتە قۆناغی پێش كۆتایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاریس ئەوا یانە ڕكابەرەكەی بە كۆمەڵێك كێشە و پێكانی زۆری یاریزانە سەرەكییەكانییەوە دەناڵێنێت بە تایبەت كیلۆر ناڤاس و تیاگۆ سێلڤا و ماركۆ ڤیراتی.

لە یاری نێوان پاریس و ئەتاڵانتادا كیلۆر ناڤاس بە هۆی پێكانەوە لە ژێكانی ئەژنۆی دا یاریگای بەجێهێشت و پێ دەچێت نەشتوانێت بەشداری یارییەكەی شەوی سێ شەممە بكات.

لە لایەكی ترەوە تیاگۆ سێلڤای بەڕازیلیش كاپتنی یانەكە بە هەمان شێوە بە هۆی پێكان لە ژێكانی ئەژنۆیدا دیار نییە ئاخۆ دەتوانێت بەشداری ئەو یارییە بكات یاخود نا سەرەڕای ئەوەی پزیشكانی یانەكەش بڵاویان كردەوە كە بە وردی چاودێری دۆخی ناوبراو دەكەن, بەڵام هەر مەترسی ئەوەیان هەیە كە ناوبراو نەتوانێت بەشداری بكات لەو یارییە چارەنووس ساز و مێژووییەدا.
ڕۆژنامەكان باس لە ئەستێرەیەكی تری هێڵی ناوەندی یانە پاریسییەكە دەكەن ئەویش ڤیراتی ئیتاڵییە كە ئەمی دواتر لە یارییەكەی ئەتاڵانتا بەشداری نەكرد بۆ یارییەكەی شەوی سێ شەممەی داهاتوو یانەكە بە هیوایە بتوانێت سوود لە تواناكانی وەربگرێتەوە بە تایبەت كە ئێستا لە سەر پایسكیل و لە مەلەوانگەشدا دەتوانێت بە بێ‌ كێشە مەشق و ڕاهێنان بكات.

ئاژانسەكان/ دانەر ئەسڵان

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک