یەكێتی لە نێوان گلەیی دۆستانەی (ئێران ـ پارتی)دا

ئەم بابەتە 150 جار بینراوە

هەرچەندە نەمدەویست لەسەر پرسی فلیم و فیلمسازیی گلەیی ئامێزی ئێرانییەكان لەپارتی هیچ بنووسم، چونكە پێموایە ئەوەی خۆی لە پرسی وردە گلەیی نیوان دوو دۆستدا هەڵقورتێنێ، دواجار هەر پیاو خراپ دەبێت! بەڵام هەوڵەكانی پارتی بۆ خزانی یەكێتی لە پرسەكە جێگەی هەڵوەستەو قسەلەسەركردنە!.

بەسەرنجدان لەو فیلمانە، جگە لە هەندێ مەسجی سیاسی و ئاشكرا بوونی چەند راستیەكی مێژوویی، سەرجەمیان جەخت لەوە راستیە دەكەنەوە، كە ئێران هەمیشە ئامادەیە، لە كاتی تەنگانەدا بە هانای پارتیەوە دەچێت… بۆ؟!

بەگەڕانەوە بۆ سەرەتای ئینقلابی ئیسلامی لە ساڵی 1979، یەكەم هێزی دەرەكی كە پشتیوانی لە ئیقلابەكە كردو لەسەر زەوی شەڕی بۆ كرد، پارتی بوو، تا ئەو ئاستەی دەستی چووە خوێنی هاوخوێنەكانی خۆیەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لەمەشیاندا پارتی بۆ ئێران پلەیەك لە پێشترە لە حیزبوڵای لوبنانی بۆ تاران، چونكە ئەم حیزبە لەسەر دەستی ئێران شەش ساڵ لە دوای ئینقلابەكە دروستكراوە، بەڵام پارتی حیزبێكی ئامادەبوو بۆ پشتگیری كردن لە حكومەتە نوێیەكی ئێران، بێگومان ئێرانیش ئەوەی لەبەرچاوەو وێڕای ئەوەی لەم دەیەی دواییدا ساردیەك كەوتۆتە نێوانیانەوە، بەهۆی نزیكبوونەوەی پارتی لە توركیاو رادەستكردنی سەرەوەت و سامانی هەرێم بەو وڵاتەی ركابەری ئیقلیمی ئێران لە ناوچەكە، هەروەها سەمای پارتی لەسەر ئاوازی مەزهەبی و خۆدانە پاڵی محوەری سوننی ناوچەكەوە، بەڵام هێشتا تاران ئامادەیە بەرگری لە هاوپەیمانە دێرینەكەی بكات و پێشبینی گەڕانەی بۆ ئامیزی دەكات، بەتایبەتی ئەو حیزبە شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆڕانی ئاراستەی خۆی بەگوێرەی بەرژوەندییەكانی، پێشتریش ئەوەی لێبینراوە، چ لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەردەی رابردوو بێت، كە بۆ شەڕی براكان، لەرووی سەربازیەوە هانای بۆ سەرسەخترین دوژمنی كورد برد، یان لە رووی ئابووریەوە كاتێك پشتی لە كۆمپانیاكانی رۆژئاواكردو رووی كردە كۆمپانیا روسییەكان، كە دواتر لە 16ی ئۆكتۆبەردا كورد باجەكەی دایەوە.

ئێستا هەوڵەكانی پارتی كە بەو گللییانەی ئێران توشی ئیحراجی بووە، بۆ پێدانی رەهەندی نەتەوەییە بەو پرسەو زیاتر هەوڵ دەدات یەكێتی لە رێگەی پۆستە حكومییەكانیەوە بخاتە نێو گەمەكەوە، جارێك بەداواكردنی وەزارەتی رۆشنبیری كە پشكی یەكێتییە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و جارێكیش بە ئیستفزازكردن لەرێگەی بێ بەهاكردنی رۆڵی هێزەكانی یەكێتی لە رزگاردرنەوەی مەخمور و بارێزگاری كردنی لە هەولێر، كە ئەوەش هیچ منەتێك نییە یەكێتی بیكات، چونكە پاراستنی ئەو هەولێرەی كە بە هێزو پیلانی بێگانە لەژێر دەستی دەرهێنراوە، بە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی دەزانێت و هیچ كاتێكیش نە بە رووی كەسدا دەیداتەوەو نە پێویستیشی بە فیلمێكە بۆ سەلماندنی چونكە راستیەكی حاشاهەڵنەگرەو خەڵكی هەولێرو مەخمور ئەو گەواهیەی بۆ دەكەن.

بۆیە باشترە یەكێتی لە ژێر هیچ فشارو بەرپرسیارێتیەكی حكومیدا تەرەفگیری لەو پرسە نەكات، چونكە لەبنەڕەتدا گلەیی نێوان كۆنە دۆستانەو پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە نییەو ئەوەی خۆی تێهەڵقورتێنی لە كۆتاییدا پیاو خراپ دەبێت! See Less

بورهان حاجی سلێمان

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک