ئەردۆغان لەنێوان ئەمریکا و روسیا بە هەڵپەسێراوی دەمێنێتەوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

وادەردەکەوێت تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت ببێتەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دیموکراتەکان، کە سوورن لەسەر مامەڵەکردن دژی ئەو کێشە و گرفتانەی ئەنقەرە دروستیکردووە.

وەک ئاشکرایە لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەت لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە هەڕەشەی توندی کردەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و بە “زۆردار” وەسفیکرد، هاوکات، ئاماژەی بە سیاسەتی ناکۆکیئامێزی تورکیا کرد لە زیاتر لە بەرەیەکەوە، لەگەڵ ئاماژەدان بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا و نەخشەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەرامبەر تورکیا کە وادەردەکەوت ببێتەهۆی دوورخستنەوەی لە ئەمریکا لەکاتێکدا واچاوەڕوان دەکرا لە روسیا نزیکببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بڵاویانکردەوە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ و دەستپێکردنی ویلایەتی جۆ بایدن پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە ناکۆکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت زیاتر لەوەی تورکیا پێشبینی دەکات.

تورکیا هیواخوازە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێبێت

لەماوەی رابردوودا و لەدوای ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن، ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا هیواخوازە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێبێت و دەستبکرێت بە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمان و ئەندامە لە ناتۆ بەتایبەت ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە گرێبەستی موشەکی روسی ئێس-400ەوە هەیە، ئەو گرێبەستەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و تورکیای ژەهراوی کرد.

پێدەچێت خۆڕاگری واشنتۆن بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئەردۆغان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لیبیا و سوریا و دەستوەردانەکانی ئەم کۆتاییانەی لە قەیرانی هەرێمی قەرەباغ گەیشتبێتە دوا رادە و ئیدارەی بایدن هەوڵی جددی بدات بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە.

چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەبارەی ئەو تەحەدییانەی تورکیا بەرامبەر ئەمریکا ئەنجامیدەدات، هەموو سیناریۆکان ئاماژە بەوەدەکەن کە تورکیا کار بۆ نزیکبوونەوە لە روسیا دەکات، بەڵام تەنانەت ئەم بژاردەیەش نە رەهایە و نە باشترینە بۆ راکردن لە فشارەکانی ئەمریکا لەبەرئەوەی روسیای هاوبەش رەنگە پێشوازی لە تورکیا بکات بەڵام بەرادەیەکی سنووردار و لەچوارچێوەی پێودانگە جیۆسیاسییەکان بۆ فراوانبوونی ئەو درزەی لە ناتۆدا دروستبووە.

روسیا بەهۆی گرێبەستی ئێس-400 ناکۆکی خستە نێوان تورکیا و هاوپەیمانانی ناتۆ

روسیا بەهۆی گرێبەستی ئێس-400 ناکۆکی خستە نێوان تورکیا و هاوپەیمانانی ناتۆ، سەرباری ئەوەش، ئەو ناکۆکییانەی لەم دواییەنەدا لەنێوان ئەردۆغان و ئەندامانی ناتۆ بەنموونەش فەڕەنسا دروستبوو، قەیرانی تورکیای لەگەڵ ئەمریکا قوڵتر کردەوە.

سەرباری ئەو لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە دروست بووە، بەڵام لە دۆسیەی سەربازی لە سوریا بە دوو ئاراستەی جیاواز کاردەکەن، بەجۆرێک تورکیا پاڵپشتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە توندڕەوەکان دەکات و روسیاش پاڵپشتی رژێمی سوریا دەکات، هەرچەندە روسیا لە خۆشەویستی و دڵسۆزیدا نییە کە پاڵپشتی رژێمی سوریا دەکات، بەڵکو لەپێناو بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە دەکات تا بتوانێت لەوڕێیەوە رکابەری هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە بکات.

سەرباری ئەو هەوڵانەی ئەنقەرە دەیدات بۆ نزیکبوونەوە و بنیادنانی هاوپەیمانی لەگەل مۆسکۆ، بەڵام هێشتا ئەو لێدوانەی سێرگی لاڤرۆڤ لە بیرەوەری خەڵکیدا ماوە، کاتێک لە ساڵی 2020 رایگەیاند، وڵاتەکەی تورکیا بە هاوپەیمانێکی ستراتیژی نازانێت و وتیشی: هاوبەش و هاوپەیمان دوو شتی جیاوازن.

چەند هێمایەکی ئاشکرا هەیە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەشێوازێکی توندتر مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکات

لە ئێستاشدا، ئەو دەنگۆیە بڵاوبووەتەوە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کۆتایی بەو شتە بهێنێت کە بەرپرسانی ئەمریکا بە “یارییەکانی ئەردۆغان” ناوی دەبەن، چەند هێمایەکی ئاشکرا هەیە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەشێوازێکی توندتر مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکات، لەوبارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای رێوشوێنی زیاتردا دەگەڕێت بۆ سزادانی تورکیا لەبەرئەوەی رەفتارەکانی وەک ئەندامی ناتۆ قبوڵکراو نییە، هاوکات، لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، ئیدارەی بایدن چاوکراوەیە لە ئاست مامەڵکردن لەگەڵ تورکیا.

لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی بلینکن، سیاسییەکانی ئەمریکا چالاکییەکانی تورکیا لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ناکۆکییانەی لە دەریای سپی ناوەڕاست لەگەڵ هەریەکە لە یۆنان و قوبرس دروستیکرد هاوکات دەستوەردانەکانی دیکەی لە سوریا و لیبیا و هەرێمی قەرەباغ بە چالاکی مەترسیدار بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لەقەڵەمدەدەن.

بەپێی ئەو دیمەنانەی هەیە، تورکیا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە لەنێوان ئەمریکا و روسیا، بەجۆرێک نە دەتوانێت هاوپەیمانی روسیا بەدەستبهێنێت و نە دەشتوانێت ئەمریکا قایل بکات بەوەی ببێتە هاوپەیمانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا