هەرێمێكی بێ‌ دەستوور

پۆڵەتیك پرێس:
هەرچەندە پێشبینی دەكرا لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەماندا پرسی دەستوور یەكێك بێت لەو پرسانەی بەزوویی گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەدوو ساڵ لە تەمەنی پەرلەمان هێشتا ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر نەكراوەو ناشزانرێت كەی فراكسیۆنەكان گفتۆكردن لەسەر دەستوور دەبەنەوە هۆڵی پەرلەمانەوە.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندینجار ئەو پرسە بەشێوەی جیاواز باسی لێوەكراوەو هەوڵدراوە هەرێم ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، تەنانەت لەپەرلەماندا دەستوور پەسەندكراو دەنگی لەسەردرا، بەڵام قۆناغەكانی دواتری تێنەپەڕاند، بۆیە هێشتا نەتوانراوە لەهەرێم دەستوور جێگیربكرێت.

سەرقاڵبوونی پەرلەمان بە پرۆژە یاسای چاكسازی و بەردەوامی قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی كۆرۆناو بڵاوبوونەوەی لە هەرێم هاوشێوەی شوێنەكانی دیكە كاریگەری كردە سەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان، كە بەهۆیەوە نەیتوانی وەك پێویست بەردەوامی بە كارەكانی خۆی بدات و نەتوانێت گفتوگۆكردن لەسەر پرسی دەستور بهێنێتە بەر باس و گفتوگۆوە.

 

سەرقاڵبوونی پەرلەمان بە پرۆژە یاسای چاكسازی و بەردەوامی قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی كۆرۆناو بڵاوبوونەوەی لە هەرێم هاوشێوەی شوێنەكانی دیكە كاریگەری كردە سەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان

 

بەڵام ئێستا چاوەڕوان دەكرێت دوای كەمبوونەوەی فشارەكان لەسەر هەرێم، ئیتر پرسی دەستور كاری لەسەر بكرێت و چیتر دوانەخرێت.

شارەزایانی بواری دەستووریی باس لەوە دەكەن، میكانیزمەكانی نووسینەوەی دەستوور لەجیهاندا بەسێ قۆناغە، قۆناغی یەكەم لیژنەیەك دەینوسێتەوە، قۆناغی دووەم لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، لەقۆناغی سێیەمیشدا دەخرێتە راپرسییەوە‌و لەلایەن خەڵكەوە دەنگی پێدەدرێت.

پرۆژەی دەستووری هەرێم، بەیاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) پەسەندكراو بڕیاردرا لیژنەیەكی بۆ پێكبهێنرێت تاوەكو رەشنووسەكە ئامادەبكرێت بۆئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت‌، دواتر لەماوەیەكی دیاریكراودا بخرێتە راپرسییەوە، ئەو پرۆژەیە جارێكی دیكە بەبڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی (2009) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرایەوە، بەوەش دووجار پرۆژە یاساكە هەمواركرایەوە.

هەروەها پەرلەمانی كوردستان لەخولی سێیەمدا لەرۆژی 30 حوزەیران، یاسای ژمارە (19)ی ساڵی (2013)ی دەركرد، كە بەیاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كوردستان ناسراوە، ماددەی دووەمی ئەم یاسایە جەختی لەوەكردۆتەوە پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بەسازان هەمواردەكرێتەوە تا بەرواری 19-8-2015. بەپێی ئەم ماددەیە، بەڵام دوای دوای پێنج ساڵ لەو رێككەوتەش هێشتا كاری جددی لەسەر نەكراوە.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان لەوتاری خۆی لەكردنەوەی خولی پایزەی پەرلەماندا لەسەرەتای مانگی نۆی ساڵی رابردوو باسی لەوەكرد، هەوڵ بۆ هێنانە كایەی سازان دەدات تاوەكو كاربكەن بۆ بەكارخستنەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم، راشیگەیاند، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی كردووە، حزبەكانیش بۆچوونیان باشبووە لەسەر ئەوەی هەمووان لێكتێگەیشتنیان هەبێت بۆ دانانی دەستوورێك بۆ هەرێم.

ئەوەی تائێستا لەبۆچوونی بەشێك لە سەركردەو پەرلەمانتارەكانیاندا رەنگیداوەتەوە هاوشێوەی خولی پێشوو، یەكێتی و گۆڕان سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت سیستمی حكومڕانی لە هەرێم پەرلەمانی بێت، نەك سەرۆكایەتی كە پێشتر پارتی پێداگیری زۆری لەسەر دەكرد.

یەكێتی جەخت لەوەدەكاتەوە دەستوور بۆ خەڵك دەنووسرێتەوە، نەك بۆ حزبەكان بۆیە گرنگە ئەو دەستوورە مافی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام لە نێوان لایەنەكان بێگومان جیاوازی دەبێت و تەواوی بڕگەو ماددەكان بە دڵی هەموو حزبەكان نابێت، یەكێتی هاوشێوەی پێشوو دەیەوێت لە دەستووردا ئەوە بچەسپێت سیستمی حكومڕانی پەرلەمانی بێت، چونكە سیستمی سەرۆكایەتی بەسەرچووە.

 

یەكێتی جەخت لەوەدەكاتەوە دەستوور بۆ خەڵك دەنووسرێتەوە، نەك بۆ حزبەكان بۆیە گرنگە ئەو دەستوورە مافی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەی تێدا پارێزراو بێت

 

 

بۆیە بەپێویستی دەزانن بەخێرایی لیژنەی بۆ پێكبهێنرێت، دوای پشووی هاوینە وەك فراكسیۆنەكەیان كارنامەی خۆیان دەدەنە سەرۆكایەتی كە بابەتە گرنگەكان لە خۆی دەگرێت لەوانەش دەستووری تێدادەبێت.

پەرلەمانتارانی گۆڕانیش هاوشێوەی یەكێتی سەرەڕای ئەوەی جەخت لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆیان بۆ بۆ نوسینەوەی دەستور و جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانی سوورن باس لەوەشدەكەن، لەم خولەشدا بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان ئەو هەنگاوە نرا تاوەكو سیستمی حكومڕانی بەرەو پەرلەمانی بڕوات.

هەرچەندە لە زۆربەی پرسەكاندا حیزبە سەرەكییەكانی هەرێم بەردەوام راو بۆچوونی جیایان هەیە، بەڵام ئاماژە بەوەدەكەن لەپرسی دەستووردا كار بۆ ئەوە دەكەن زەمینەسازی دەكەن تا نزیكبوونەوەی زۆر لە نێوانیاندا بێتەدی و دەستورێك بۆ هەرێم دابنێن خواستی زۆرینەی لەسەر بێت.

 

هەرچی بۆچوونی فراكسیۆنی پارتییە ئەوەیە لایان گرنگە ئیتر دوای پرسی چاكسازی باس لە دەستوور بكرێت، چونكە بەوتەی ئەوان كاتی پێكهێنانی حكومەت پارتی لەگەڵ گشت لایەنەكان باسی دەستووری كردووە

 

رۆژی 27ی مانگی 11ی ساڵی رابردووش ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بانگهێشتی زانكۆی كۆیە بۆ بەشداریكردن لەكۆنفرانسی بەرەو دەستورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكردو باسی لەوەكرد، نزیكترین ڕێگە بۆ گەیشتن بەنووسینی ڕەشنووسی دەستوور ئەوەیە خاڵی هاوبەشی جیاوازییەكان بدۆزرێتەوە‌و هەر لایەك سازش لەسەر هەندێك لەخواستەكانی بكات بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن.

هەرچی بۆچوونی فاركسیۆنی پارتییە ئەوەیە لایان گرنگە ئیتر دوای پرسی چاكسازی باس لە دەستوور بكرێت، چونكە بەوتەی ئەوان كاتی پێكهێنانی حكومەت پارتی لەگەڵ گشت لایەنەكان باسی دەستووری كردووە، بەڵام كات دیارینەكراوە، تەنها بڕیاری ئەوە داوە كە لەم خولەی پەرلەماندا دەبێت دەستوور بنووسرێتەوە.