نهێنی رێككەوتنی ئەمنی‌و هەواڵگری پارتی‌و توركیا

پۆڵەتیك پرێس:
“توركیا بەردەوام ئامادەی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بووە لەگەڵ عێراق دژی پەكەكە، بەڵام ئێمە ناتوانین ئۆپەراسیۆنێكی راشكاوانە ئەنجامبدەین، ئەگەر هەیە شەوێكدا لەناكاو هیرش بكەین”.

ئەمە قسەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بوو، كە ڕۆژی هەینی رابردوو 22-1-2021، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی رایگەیاند، وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی شنگال، ئەوەش بەبیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە لەو ناوچانە.

توركیا لە ساڵی ڕابردوو دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ژێر ناوەكانی پەنجەی هەڵۆ و چنگی پڵنگ لە ناوچەی حەفتانین و قەندیل ئەنجامدا، هەرچەندە ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە ناڕەزایەتی بەرپرسانی عێراقی لێكەوتەوە، بەڵام ئەنقەرە بە بێ گوێدانە ئەو ناڕەزایەتیانە بە پێشێل كردنی سەروەریی عێراق، جەختی كردەوە بەردەوام دەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی خۆی.

دوای ئەو دوو ئۆپەراسیۆنەش، توركیا دەیەوێت لەمساڵیشدا، ئۆپەراسیۆنی نوێ‌ ئەنجامبدات‌و ئەگەر هەیە لەناوەڕاستی مانگی سێش دەست بەئۆپەراسیۆنەكە بكرێت.

ئەگەر هەیە لەناوەڕاستی مانگی سێ دەست بەئۆپەراسیۆنەكە بكرێت

حسێن كەركوكی بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان لەو بارەوە دەڵێت: رێككەوتنێكی نهێنی ئەمنی‌و هەواڵگری هەیە لەنێوان پارتی‌و توركیا، بۆیە رۆژ بە رۆژ توركیا هێرشەكانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و تەنانەت ناوچەی مەدەنی زیاد دەكات و خەڵكی بێ چەك شەهید و بریندار دەكات.

حسێن كەركوكی دەشڵێت: سەردانی چەند رۆژی رابردووی وەزیری بەرگری توركیا بۆ عێراق بە ئامانجی رازی كردنی عێراق بووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی بۆ سەر شەنگال، بەڵام پێدەچێت حكومەتی عێراق بەو داواكارییەی توركیا رازی نەبووبێت، بگرە نیگەرانی حكومەتی عێراقیان گەیاندووەتە وەزیری بەرگری توركیا بەوەی وڵاتەكەی بەردەوام پێشێلكاری دەكاتە سەر خاكی عێراق.

باسی لەوەش كرد، بەپێچەوانەی حكومەتی عێراقەوە پێدەچێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كە لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا كۆبوونەوە رەزامەندییان بۆ ئەو هێرشەی توركیا دەربڕیبێت وەك بینیشمان كۆبوونەوەی خلوسی ئاكار لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی هەرێم و حكومەت بوو، كە هەردووكیان پارتین لەگەڵ سەرۆكی پارتی كە هیچ پۆستێكی فەرمی حكومی نییە.

 

بەپێچەوانەی حكومەتی عێراقەوە پێدەچێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێم كە لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا كۆبوونەوە رەزامەندییان بۆ ئەو هێرشەی توركیا دەربڕیبێت

 

رۆژی دوو شەممەی رابردوو 18ی كانوونی دووەم، خلوسی ئاكار سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی كۆبوونەوەی كرد، رۆژی دواتریش سەردانی هەولێری كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمیش كۆبوونەوەی كرد.

سوپای توركیا بنكەیەكی سەربازی لە بەعشیقە هەیە، كە 600 بۆ 700 سەربازی سوپای توركیای تێدا جێگیركراوە، هەروەها بنكەیەكی گەورەی سەربازیشی لە بامەڕنی لە 45 كیلۆمەتری باكووری دهۆك لە ساڵی 1997ەوە و سێ بنكەی بچووكی لەگریلۆك و كانیماسی و سرسی لەسنوورەكانی عێراق و توركیا هەیە و ئەوانە ئەو بنكە نەگۆڕانەن، كە سەربازانی توركیای تێدا جێگیرن.

بەبڕوای ئارام حاجی توێژەری سیاسی، رەنگە توركیا دەست ببات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر شەنگال بێت یان بۆ سەر قەندیل، بەڵام ئەنجامەكانی دواتر چۆن دەشكێتەوە بەسەر توركیادا ئەمەیان گرنگە.

ئارام حاجی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتیشی: لە دوای سەردانەكەی خلوسی ئاكار، حكومەتی توركیا هیچ وەڵامێكی دڵخۆشكەری پێنەگەشتووە چ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بێت یان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، لە هەرێمی كوردستان روونە تەنیا لەگەڵ یەك لایەنی سیاسی پەیوەندی هەیە، كە تەسلیمی ویستی توركیا بووە، ئەم پەیوەندییەش لە پەیوەندییەكی سیاسییەوە گۆڕدراوە بۆ پەیوەندییەكی هەواڵگری سەربازی، بۆیە دەتوانین بڵێین تەقینەوەكانی چەند رۆژی رابردوو لەعێراق نامەیەكی نا ڕاستەوخۆی توركیایە بۆ عێراق هەرچەندە داعش بەرپرسیاری خۆی لە تەقینەوەكان راگەیاند، بەڵام ئاشكرایە لە ناوچەكەدا كێ پشتیوانی داعش دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا