چێرچڵ کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

“دوژمنت هەیە؟ نایابە.. ئەمە بەو مانایە دێت رۆژێک لە رۆژان بەرگریت لە شتێکی گرنگ کردووە”

ئەمە یەکێکە لە وتە باوەکانی سەرکردەیەکی دیاری سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان بە ناوی وینستن چێرچڵ، کە لەو سەردەمەدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو، ئەم کەسایەتییە، سەرباری ئەوەی بەرپرسی سوپای بەریتانیا و نەخشەداڕێژەری ستراتیژی و سیاسی باڵای ئەو وڵاتەبوو، نوسەر و بیرمەندێکی سیاسی گەورەی بەریتانیاش بوو.

لە رۆژانی سەرەتای دەستبەکاربوونیدا، جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا، پەیکەری وینستن چێرچڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیای لە کۆشکی سپی دوورخستەوە و لەجێی ئەو، پەیکەری سیزار چاڤیز، سەرمایەدار و چالاکوانی بواری مافە مەدەنییەکانی دانا.

ئەو پەیکەرەی چێرچڵ لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی دانرابوو، بەپێی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدن، سەرلەنوێ نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی رێکخراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەر کەرەستەکانی ناویدا هێنراوە، یەکێک لەو گۆڕانکارییانەش لابردنی پەیکەری چێرچڵ بوو.

پێشتریش لە ساڵی 2016، کاتێک ترەمپ دەسەڵاتی گرتەدەست، پەیکەری مارتن لوسەر کینگ، سەرکردەی ئەمریکی بە رەچەڵەک ئەفریقی، کە لەوکاتەدا لەلایەن باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی دانرابوو، گۆڕی بە پەیکەری وینستن چێرچڵ.

چێرچڵ کێیە؟

چێرچڵ لە سەردەمی خۆیدا دوو جار بووەتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، یەکەمیان ساڵی 1940 بوو کە تا ساڵی 1945 دەستبەکاربوو، دووەم جاریش ساڵی 1951 بوو هەتا 1955، کاتێکیش لەماوەی جەنگی دووەمی جیهانی دەسەڵاتی گرتەدەست، ورەی گەلی بەریتانیای بەرزدەکردەوە و دژی هەوڵە بەرفراوانخوازییەکانی ئەدۆڵف هیتلەر سەرۆکی پێشووتری ئەڵمانیا وەستایەوە.

چێرچڵ لە 30ی تشرینی دووەمی 1874 لە کۆشکی بلینهایم لە ئۆکسفۆردشایەر لە بەریتانیا لەدایکبووە و بەدرێژایی ژیانی لە چەندین پۆستی باڵای سیاسی و سەربازی دەستبەکاربووە، لە سەرەتاکانی ساڵی 1941 و لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سپی، تووشی نۆرەی دڵ بوو دواتریش لە ساڵی 1953 و لە تەمەنی 78 ساڵیدا توشی زنجیرەیەک نۆرەی مێشک بوو لەناو نوسینگەکەی خۆیدا، بەڵام ئەم هەواڵانە لە پەرلەمان و جەماوەر شاردرانەوە، هەرچەندە چێرچڵ لەڕووی تەندروستییەوە لە بارودۆخێکی گونجاودا نەبوو، ماوەی چەند ساڵێکی دیکەش لە ئەرک و کارەکانی بەردەوام بوو تا لە 24ی کانوونی دووەمی 1965 و لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

چەند زانیارییەکی پوخت لەسەر چێرچڵ

بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، چێرچڵ دژی مەهاتما گاندی و بیروبۆچوونەکانی بوو وەکچۆن دژی بزوتنەوەی سەربەخۆیی هندی بوو، ئەم کەسایەتییە دیارە بەریتانییە لە تەمەنی چل ساڵیدا دەستیکردووە بە وێنەکێسان و تەنانەت هەندێک لە تابلۆکانی بە ملیۆنان یۆرۆ فرۆشراون، چێرچڵ لەماوەی ژیانیدا بووەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، جۆ بایدن بەشێوەیەکی فەرمی بووە سەرۆکی ئەمریکا و کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ هات، لەدوای چەند سەعاتێکی کەم لە دەستبەکاربوونی، بایدن دەستی بە چەندین گۆڕانکاری کرد لە دیکۆری نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی، یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی ئەنجامیدا، لابردنی پەیکەری وینستن چێرچڵ بوو کە دڵەڕاوکێی لەلای ئەمریکییەکان دروست بەوەی رەنگە ئەمە هێمایەک بێت بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا لە ماوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا.

UK ambassador Kim Darroch's op-ed on Churchill and Trump White House

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا