تائێستا لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەسەر پشكی هەرێم نەكردووە

پۆڵەتیك پرێس

تائێستا لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەی پشكی هەرێمەوە نەكردووە، بەوهۆیەشەوە نازانرێت ئەو بڕەی بۆ كورد دانراوە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، یاخود نا.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، كۆبونەوەكانی لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژە یاسایی بودجە بەردەوامە، تائێستا بڕگەی یەك و دوو گفتوگۆی لەسەر كراوەو نەگەشتونەتە سەر ئەو بەشەی كە تایبەتە بەپشكی هەرێم.

وتیشی، “بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەشاری بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبێتەوەو تاوتوێی پشكی هەرێم لەبودجە بكات”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ پارێزگاكانی خوارووی عێراق كۆبونەوەیەكیان هەیە، دواتریش لەگەڵ شاندەكەی هەرێم كۆدەبنەوە، چاوەڕواندەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژە یاسایی بودجە بدرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی عێراق بە 13 تریلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە دیاریكراوە، لەبەرانبەریشدا دەبێت شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 وە تاوەكو 2020 یەكلایی بكرێنەوە.

هاوكات پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی خۆی رادەستی حكومەتی عێراق بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا