پەرلەمان کار بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دەکات

پۆڵەتیک پرێس

حەسەن کەریم کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان کار بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەکات بەر لەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بدات.

میدیاکانی عێراق لە زاری حەسەن کەعبییەوە بڵاویانکردەوە، پەرلەمان بەر لەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدات کار بۆ دابینکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژە خۆبەخشەکان دەکات.

کەعبی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خەرجییەکان بۆ دابینکردنی کەرەستەی گرنگ لەوانەش دەرمان و چارەسەر و ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربهێنرێن.

باسی لەوەش کرد، پێویستە بڕی سێ ترلیۆن دینار لە بانکی ناوەندی عێراقەوە دابینبکرێت بۆ سندوقی نیشتەجێبوون و دواتر بە قەرز بدرێتە ئەو کەسانەی دەیانەوێت یەکەی نیشتەجێبوون بکڕن، هاوکات، بڕی 125 ملیۆن دینار بدرێتە هەر کەسێک کە خاوەنی پڕۆژەی بچوکە.

لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، کۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە 42 دۆلار بفرۆشرێت، 93 ترلیۆن دینارە و لەو رێژەیەش نزیکەی 71 ترلیۆنی کورتهێنانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، هیچ لێبڕینێک لە موچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2021 نابێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا