کازمی لە دوو بەرەوە لە شەڕدایە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دوو بەرەوە رووبەڕووی تەحەدای ئەمنی دەبێتەوە، یەکەمیان لەلایەن ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، دووەمیشیان رێکخراوی چەکداری داعش کە خەریکە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە بە سوود وەرگرتن لەوەی حکومەت سەرقاڵە بە روبەڕوبوونەوەی میلیشیاکانەوە.

لەدوای کۆتاییهاتنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی، رۆژی شەممە کازمی رایگەیاند، وەڵامدانەوەی خوێنڕشتنی عێراقییەکان وەڵامێکی توند دەبێت و سەرکردایەتی داعش دەبینێت رووبەڕووی چ پیاوێک دەبێتەوە!

لەوبارەیەوە، چاودێران باس لەوە دەکەن، کازمی لە حاڵەتێکدا ئەگەر بیەوێت متمانەی عێراقییەکان بەدەستبهێنێت، ئەوا لەلایەن شەقامی عێراقەوە داوای رێکخستنی دۆسیەی ئەمنی و رێگریکردن لە پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی لێدەکرێت، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە، بەرپرسە لە رێگریکردن لە کۆمەڵە عێراقییەکانی سەر بە ئێران بەتایبەت لەدوای رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەوان دەڵێن: پێویستە کازمی ئاگاداری ئەو میلیشیایانە بێت رووداوەکە نەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوە لە ناوچە سوننەمەزهەبەکان.

سەرکردایەتی داعش دەبینێت رووبەڕووی چ پیاوێک دەبێتەوە

ئەو هێرشەی کە رۆژی پێنجشەممە لە گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی بەغدا روویدا هەلێکە لەبەردەم فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و کەمکردنەوەی رووبەڕی کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر ئەو دووانە، لەمبارەیەوە چاودێران پییانوایە رەنگە ئەم پلانەیان لەلایەن ئێرانەوە بەربەستی بۆ دروست بکرێت.

لەسەر رۆشنایی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی عێراق، مستەفا کازمی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەپەلەی رێکخست و ژمارەیەک گەورە بەرپرسی ئەمنی بە تۆمەتی بەشداربوون لە هێرشەکە لەکار دوورخستەوە، یەکێک لەو کەسانەی لەکار دوورخرایەوە عامر سەدام بوو، کە بریکاری وەزیری ناوخۆ بوو بۆ کاروباری هەواڵگری، پاشان ئەحمەد ئەبورەغیف لە شوێنەکەی دانرا.

ئەبو رەغیف بە یەکێک لە بەرپرسە نزیکەکانی سەرۆک وەزیران لەقەڵەم دەدرێت، کە پێشتر کردیە سەرۆکی لیژنەیەکی تایبەت بە دەرکردنی بەرپرسە گەندەڵەکان و دەستگیرکردنیان.

هاوکات، کازمی زەبرێکی توندی گەیاند بە هەژموونی ئێران لە عێراق لەڕێی دوورخستنەوەی جەعفەر بەتات سەرۆکی پۆلیسی فیدڕاڵی و دوورخستنەوەی ئەبوعەلی بەسڕی لە “خلیة الصقور” تایبەت بە ئەرکی هەواڵگری تایبەت.

کازمی زەبرێکی توندی گەیاند بە هەژموونی ئێران لە عێراق

بەتات و بەسڕی لەو کەسایەتییە دیارانەن کە پەیوەندییەکی تۆکمەیان لەگەڵ ئێراندا هەیە و چەندین ساڵە لە پۆستی هەسیاری دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا دەستبەکارن.

لەدوای ئەم کارانەی کازمی، میدیاکانی ئێران هێرشی بەرفراوانیان کردەسەری و تۆمەتباریان کرد بەوەی هێرشەکەی گۆڕەپانی تەیەرانی بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناو دەزگا ئەمنییەکان قۆستووەتەوە.

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کازمی لە دامودەزگا حکومییەکاندا ئەنجامیدا، بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئەمنی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.

پێنجشەممەی رابردوو، دوو ئەندامی رێکخراوی چەکداری داعش لەژێر ناوەکانی “ئەبو یوسف ئەنساڕی” و “محەمەد عارف موهاجیر” لە گۆڕەپانی “تەیەران” لە ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە، ئەمەش ئەو رێگا باوەیە کە داعشییەکانی پێدەناسرێتەوە، لە سەرەتادا تەقینەوەی یەکەم ئەنجامدەدەن و پاشان چاوەڕێی کۆبوونەوەی رێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتی مەدەنی و هێزی ئەمنی لە جێگای مەبەستدا دەکەن و دواتر تەقینەوەی دووەم ئەنجامدەدەن.

هێرشەکەی گۆڕەپانی تەیەران بووەهۆی ئاشکراکردنی ئەو کەلێنەی لەناو دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا هەیە

هێرشەکەی گۆڕەپانی تەیەران بووەهۆی ئاشکراکردنی ئەو کەلێنەی لەناو دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا هەیە، کە سەرقاڵی سنوردانانن بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان و ناکۆکییەکانی هەژموونی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران و لایەنەکانی دیکەیان پشتگوێخستووە.

لەماوەی سێ ساڵی رابردوو و لەدوای رووخانی رێکخراوی چەکداری داعش لە ساڵی 2017 هەتا پێنجشەممەی رابردوو، هێرشی وا خوێناوی لە بەغدای پایتەختی عێراق رووینەداوە کە تێیدا 32 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەس بریندار بوون.

لەدوای دەستبەکاربوونی کازمی وەک سەرۆکی حکومەت، بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە دەزگاکانی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەست و لەسەر دەستی هێزەکانی ئەمریکا راهێنانی پێکردن، بە بڕوای چاودێران، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کازمی متمانەی بە رێژەیەکی کەم لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە.

ئەو فشارانەی کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەیخەنەسەر عێراق لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووەتەهۆی شێواندنی پەیوەندییەکانی عێراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و گەڕانەوەی کەسانی توندڕەو بۆ گۆڕەپانەکانی عێراق.

کازمی متمانەی بە رێژەیەکی کەم لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە

ساڵی رابردوو، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێزەکانیان لە هەشت بنکەی عێراق دەکشێننەوە و ئەمەش بەو واتایە دێت، سوپای عێراق دەبێت بەتەنیا رووبەڕووی توندڕەوان ببێتەوە.

لەوبارەیەوە جاک واتلینگ، توێژەر لە پەیمانگای خزمەتگوزارییە ئەمنی و بەرگرییەکانی لەندەن باس لەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشێکی گەورەی ئەو پاڵپشتییانەی لەدەستداوە کە هاوپەیمانان لە بواری چاودێری پێشکەشی عێراقیان دەکرد.

بەڵام ئەو پێشێلکارییانەی لە هەردوو دەزگای ئەمنی و سەربازی عێراقدا بوونی هەیە بووەتەهۆی ئەوەی دووبارە داعش بگەڕێتەوە، لەوبارەیەوە ئەلێکس میلۆ، شیکەرەوەی ئەمنی دەڵێت: رێکخراوی داعش لەوە لاوازتربوو بتوانێت هێرشی وا خوێناوی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخە ناوخۆییانەی عێراق، توانی دەرچەیەک بدۆزێتەوە تا لەڕێیەوە هێرشەکە ئەنجام بدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا