عێراق پڕۆژەیەک بۆ پێکەوەبەستنی تورکیا و بەسڕە رادەگەیەنێت

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق چەند پڕۆژەیەکی راگەیاند وەک هەلی وەبەرهێنان لەبەردەم کۆمپانیا گەورەکان لەوانەش پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە بەندەری فاو بەمەبەستی گواستنەوەی شمەک بە ئاراستەی تورکیا و لەوێوە بەرەو ئەوروپا.

رۆژی شەممە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، چەندین پڕۆژە دەخرێنە بەردەم کۆمپانیا گەورەکان وەک هەلی وەبەرهێنان، کە گرنگترینیان پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی نێوان بەندەری فاو لە خوارووی عێراق و زاخۆیە لە باکووری کوردستان.

لەوبارەیەوە، تاڵب جەواد حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵە ئاسنینەکان رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیایەکی حکومی چینی لە هەماهەنگیداین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵێک هەیە بۆ کاراکردنی پڕۆژەی بەسڕە – فاوی خزمەتگوزاری ستراتیژی بۆ پیكەوەبەستنی خوارووی عێراق بە باکوری کوردستانەوە بەڕێگای وشکانی و بەئامانجی گواستنەوەی ئەو شمەکانەی دەنێردرێنە بەندەری فاو بە ئاراستەی تورکیا و پاشان بەرەو ئەوروپا.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەم پڕۆژانە دەبنەهۆی بوژاندنەوەی ئابووری عێراق بەتایبەت لەدوای ئەوەی پڕۆژەی بەندەری فاو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتەهۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا عێراق بەدەست قەیرانێکی ئابووری قوڵەوە دەناڵێنێت بەتایبەت لەدوای دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە سەرتاسەری وڵات، هاوکات، دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک