ئەو ژنە رەشپێستەی ترامپی بەقسە هێنا

پۆڵەتیك پرێس:
لەدوای چەند مانگێك لەخەونەكانی بۆ سەرۆكایەتی، كامالا هاریس هەلێكی دیكەی لەلایەن حیزبی دیموكرات پێدرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كە بڕیارە لەسێی مانگی یانزەی ئەمساڵ بەرێوەبچێت.

لەو چوارچێوەیە، جۆ بایدن سەرۆكی حیزبی دیموكرات، سیناتۆر كامالا هاریسی وەك جێگری خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا دیاریكرد، بەمەش هاریس بووە یەكەم ژنی بەرەچەڵەك جامایكی-هندی، كە بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرابێت.

لەمێژووی ئەمریكادا، ئەمە سێهەمجارە ئافرەت بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی وڵات كاندید دەكرێت، پێشتر لە ساڵی ١٩٨٤ دیموكراتەكان جێراڵدین فیرارۆ و لە ساڵی ٢٠٠٨ كۆمارەییەكان سارا پالینیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد.

 

كامالا هاریسی دیموكراتی لە ئۆكلاندی ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ٢٠ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٦٤، لە دایكێكی هندی و باوكێكی جامایكی لەدایكبووە

 

كامالا هاریسی دیموكراتی لە ئۆكلاندی ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ٢٠ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٦٤، لە دایكێكی هندی و باوكێكی جامایكی لەدایكبووە، لەدوای جیابوونەوەی دایك و باوكی، لەگەڵ دایكی ماوەتەوە و ئەو گەورەی كردووە.

دایكی چالاكوانی مافە شارستانییەكانە و باوكیشی لە زانكۆی ستانفۆرد وانەبێژە، هاریس لەبارەی دایكییەوە دەڵێت: دایكم زۆر باش لەوە تێگەیشت، كە چۆن دوو كچی رەشپێست بەخێوبكات، زۆر باشیش زانی چۆن وا لەمایای خوشكم و من بكات ببین بە دوو ژنی رەشپێست، كە شانازی بەخۆمانەوە بكەین و متمانەمان بەخۆمان هەبێت.

هاریس ماوەی چوار ساڵ لەزانكۆی هۆوارد لە ئەمریكا زانستی سیاسی و ئابووری خوێند و لە ساڵی ١٩٨٦ بەكالۆریۆسی لەو بوارەدا بەدەستهێنا، دواتر لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن زانكۆی هاستینگسەوە خەڵاتی لە بواری یاسادا پێدرا، پاشان لە ساڵی ١٩٩٠-١٩٩٨ وەك جێگری داواكاری گشتی لە ئۆكلاند كاری كردووە.

 

هاریس ماوەی چوار ساڵ لەزانكۆی هۆوارد لە ئەمریكا زانستی سیاسی و ئابووری خوێند و لە ساڵی ١٩٨٦ بەكالۆریۆسی لەو بوارەدا بەدەستهێنا

 

ناوبانگی بەوە دەركرد، داكۆكی لە مافی ئەو كەسانە دەكات، كە توندوتیژیان بەرانبەر دەكرێت، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠١٠ بووە داواكاری گشتی و بۆ پۆستی داواكاری گشتی ویلایەتی كالیفۆرنیا كاندیدكرا، بەمەش بووە یەكەمین ژنە ئەمریكی و یەكەمین ژنە جامایكی-هندی، كە ئەو پۆستە بگرێتەدەست، لەماوەی مانەوەی لەو پۆستەدا كامالا هاریس ناوبانگی ئەوەی بەدەستهێنا، كە یەكێكە لە ئەستێرەكانی حزبی دیموكرات و بەمەش بووە سیناتۆری بچووكی كالیفۆرنیا بۆ ساڵی ٢٠١٧.

رۆژی ١١ی ئەم مانگە، جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان هاریسی ٥٥ ساڵی وەك جێگری خۆی دیاریكرد، لەو بارەیەشەوە پێگەی BBC رای چەند كەسێكی ئەمریكی لەسەر هاریس بڵاوكردەوە، یەكێك لەوانە دەڵێت: موچڕكم پێداهات، دوودڵ بووم لەوەی بایدن ژنە رەشپێستەكان لەیادبكات، كە پێشتر پەیمانیدابوو گرنگی بە ژیانیان بدات، بەڵام دەركەوت لەسەر پەیمانەكەیەتی.

كەسێكی تر هەر لەو بارەوە دەڵێت: تا ئێستا ئەمە خۆشترن هەواڵە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بیستبێتم، پێموایە زۆر بە باشی دەتوانێت ئەدای پۆستەكەی بكات.

 

تا ئێستا ئەمە خۆشترن هەواڵە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بیستبێتم، پێموایە زۆر بە باشی دەتوانێت ئەدای پۆستەكەی بكات

 

بایدن لەكاتی دیاریكردنی جێگەكەی ئاشكرایكرد، لەدوای راگەیاندنی هاریس بۆ ئەم پلەیە لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا، هەڵمەتەكەی بڕی ٢٦ ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە لەگەڵ بەدەستهێنانی ١٥٠ هەزار پشكی نوێ.

كاردانەوەی ترامپ
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، كە هاوكات كاندیدی كۆمارییەكانە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكەی لەبارەی كاندیدكردنی ئەو ژنە كاردانەوەی نواندو هاریسی بە “قێزەونترین كاندید” لە ئەنجوومەنی پیران وەسفكرد و كاندیدكردنیشی بەچاوەڕواننەكراو دانا و ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵی ٢٠١٨ لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پیران بۆ دەنگدان لەسەر بریت كاڤانۆی ئەندامی دادگای باڵا و دەستنیشانكردنی وەك دادوەر لەبریت، هاریس دڵڕقاویترین و قێزەونترین ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە.

 

ساڵی ٢٠١٨ لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پیران بۆ دەنگدان لەسەر بریت كاڤانۆی ئەندامی دادگای باڵا و دەستنیشانكردنی وەك دادوەر لەبریت، هاریس دڵڕقاویترین و قێزەونترین ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە

 

لەبەرانبەردا هاریس لەسەر ترامپ وتی: ترامپ هەڕەشەیەكە پێویستە لە هەڵبژاردنەكان یەكلابكرێتەوە، هاوكات، رەخنەی لەشێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتییەكەی كرد لەرووی مامەڵەكردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری وڵاتەكە بووەتەوە.

هایسی وتیشی: پێویستە لێپێچینەوەی نیشتمانی لەسەر رەگەزپەرستی لێبكرێت.

بڕیارە پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ترامپ و بایدن لەدیبەیتێكدا رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، بەهەمان شێوە، هەریەك لە هاریس و مایك پێنس جێگری ترامپ لەدیبەیتێكدا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا