ڕووداوێكی مردنی بێ شایەتحاڵ

یەكێك لە كارە گرنگەكانی پزیشكی دادوەری بریتییە لە توێكاری، كە بەشێكی زۆری خەڵكی ئێمە دژی ئەو كارەیە، زۆرجار بە پاساوی لاوازی كولتوری و كۆمەڵایەتی.

فەرموون ڕووداوێكی ڕاستەقینەتان بۆ باسدەكەم كە تێیدا تەنها زانستی توێكاری توانی هۆكاری مردنەكەی ڕوون بكاتەوە.

لەكاتی دەوامی ئێشكگریمدا منداڵێكی بچوكیان بە مردوویی هێنا، هیچ شتێكی پێوە دیار نەبوو كە هۆكاری مردنی ڕوونبكاتەوەو پێشتریش هیچ نەخۆشییەكی نەبووە كە هۆكاری مردنی بۆ بگەڕێنرێتەوە.

دایكی زۆر دەگریا وتی” بەجێمهێشت لە ماڵەوە لای كارەكەرەكەمان، هیچ عەیبی نەبوو منداڵەكەم زۆر باش بوو”.

دایكەكە بەمجۆرە باسی مردنی منداڵەكەی كرد ” ئەو ئافرەتەی لە ماڵی ئێمە كاردەكات تێلی كرد وتی كوڕەكەت دەڕشێتەوە، وەرەوە بۆ ماڵەوە، منیش ڕۆشتمەوەو هێندەی نەبرد كوڕەكەم گیانی سپارد”.

منیش وەكو پزیشك بڕیارمدا دەبێت كاری توێكاری بۆ بكرێت. دایكەكە ڕۆشنبیر بوو، وتی “ڕازیم توێكاری بكرێت، چونكە زۆر پەرۆشم بزانم بۆ مردووە؟”.

لەكاتی توێكاری بینیمان جگەری منداڵەكە تووشی زیانێكی زۆر بووە بە زەبرێكی دەرەكی!

بەپێی ئەزموونی خۆمان شوێنەكە لە شوێنی ئەوە دەچوو كە پێیان بە سكیدا نابێت! هەرچەندە ئەوە لە ڕاپۆرتی ئێمەدا نانوسریت و تەنها وەكو گریمانە باسدەكرێت و ئێمە تەنها ئەو گۆڕانكارییانە دەنووسین كە دەیبینین، پاشان پارچەیەك لە ئەندامەكە دەنێرینە تاقیگەی پزیشكی بۆیارمەتیماندان لە گەیشتنە بڕیاری كۆتایی.

دوای لێكۆڵینەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە كارەساتەكە و بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە توێكارییەكەدا هەستیان پێكراوە و تاقیگە سەلماندوونی، ئەو ئافرەتەی لەو ماڵە كاری دەكرد دانی پێدانا وتی “منداڵەكە نوستبوو، منیش پشتاو پشت گەڕامەوە و نەمزانی منداڵەكە لەوێیە و بێ مەبەست پێم لە سكی منداڵەكە نا!”.

بینیتان تویكاری چۆن تاوان ئاشكرا دەكات؟ كەواتە زۆر گرنگە توێكاری گرنگی پێبدریت و بە هیچ پاساوێكی نازانستی ڕێگریی لێنەكرێت.

زۆر كەسم بینیوە دەڵێن گوایە لە ڕووی ئایینییەوە ڕێگە بە توێكاری نەدراوە! بەڵام دڵنیابن كۆمەڵگا و كەلتوور ڕێگریدەكات نەك ئایین.

زۆر ناخۆشە بۆ ئێمەی پزیشكانی دادوەری وتوێكاران كە هەڕەشەمان لێدەكەن لەسەر ئەنجامدانی توێكاری! یان بە ماوەی زۆر لە پزیشكیی دادوەری چاوەڕێ دەكەین تاكو خێزانەكان ڕازی بن بۆ كاری تویكاری!

تێبینی: لەپێناو پاراستنی تایبەتمەندیی كەیسەكان، ئاماژە بە شوێن و بەروار و ناو ناكرێت و وردەكاریی ڕووداوەكان باس ناكرێن، چونكە مەبەست گەیاندنی پەیامەكەیە و تەنها بە گشتی باسدەكرێت، ئەوەندەی ئەزموونێكە و بۆ هەموو كۆمەڵگا بەسوود بێت و وانەی لێ وەربگیرێت

د. دیلمان ئازاد حسن
پسپۆری پزیشكی دادوەری
مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا