پۆڵه‌تیك پرێس:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رنامه‌ی “قبوڵكردنی په‌نابه‌رانی عێراق”ی بۆ ماوه‌ی 90 ڕۆژ ڕاگرت.
ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن تایمز-ی ئه‌مریكی ئاشكرایكرد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاریداوه به‌رنامه‌ی قبوڵكردنی په‌نابه‌رانی عێراقی كه هاوكاریی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكایان له‌شه‌ڕدا كردووه، بۆ ماوه‌ی 90 ڕۆژ ڕابگرێت.
ڕۆژنامه‌كه له‌زاری به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه، بڕیاری ڕاگرتنه‌كه دوای ئه‌وه دێت، كه چه‌ندین هه‌وڵی پێشێلكاریی و دزینی دۆسیه‌ی په‌نابه‌ران له‌نێو به‌رنامه‌كه ئاشكرابووه.
پێشتر دانیێڵ سمیس، كاربه‌ڕێكه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌پێویستی زانیبوو، جارێكی دیكه پێداچوونه‌وه بكرێته‌وه به به‌رنامه‌ی قبوڵكردنی په‌نابه‌رانی عێراق، هاوكات خاڵه لاوازه‌كانی نێو به‌رنامه‌كه ده‌ستنیشان بكرێت، پێداگریی خۆیشی نیشاندابوو بۆ درێژه‌دان به‌و به‌رنامه‌یه و فراوانكردنی.
له‌سه‌رده‌می جۆرج بووش، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا ئه‌و وڵاته به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ئه‌و عێراقییانه دانا كه هاوكاریی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن به كاری وه‌رگێڕان یان هه‌ركارێكی دیكه له‌كاتی جه‌نگدا.