نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانی رۆژنامەنوسانم

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پشتیوانی رۆژنامەنوسانی كوردستانەو نابێت لە كاتی مامەڵكردن لەگەڵ رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر یان كەسێك كە زانیارییەكی هەڵەی بڵاودەكاتەوە، یاسای تر جێگای یاسای رۆژنامەنوسی بگرێتەوە.

رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان ناوەڕۆكی كۆبونەوەیەكی خۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، لەو كۆبونەوەیەدا راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 لە هەرێم رادەستی سەرۆكی هەرێم كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكی هەرێم وتویەتی، “پشتیوانی رۆژنامەنوسانم لە رێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بەشێوەیەك كە خۆیان بەشداربن لە نوسینی، دەبێت بەجۆرێك بێت پاشەكشە لە یاسای رۆژنامەگەری یان پێچەوانەی بڕگەكانی ئەو یاسایە نەبێت.”

دەربارەی یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و پێدانی زانیاری و رێكخستنی خۆپیشاندان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو یاسایانە بە دەنگدانی نوێنەرانی گەلی كوردستان دەرچوون و پێویستە وەك خۆیان جێبەجێبكرێن و لە كاتی مامەڵكردن لەگەڵ رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر یان كەسێك كە زانیارییەكی هەڵەی بڵاودەكاتەوە، نابێت یاسای تر جێگروەی ئەو یاسایانە بێت.

رەحمان غەریب باس لەوەدەكات، سەرۆكی هەرێم داوای لە ستافەكەی كرد، بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نوسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە.

دەشڵێت، “سەرۆكی هەرێم وتی من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بە ئەنقەست هانی توندوتیژی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی دەدات، یان گوتاری رق و كینە بەرامبەر پێكهاتەكانی هەرێم بڵاودەكاتەوە، ئەوە توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا