پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لە عێراق پەكمان لەسەر چاكسازی راستەقینە كەوتووە، نەك ئەوەی پەكمان لەسەر پەرلەمان یان لەسەر حكومەت كەوتبێت، كێشەی گەورە بریتیە لە دەرهێنانی دەستی دەرەكی لە عێراق، كە ئەوەش نە دوای هەڵبژاردن و نە پێش هەڵبژاردنیش چارەسەرنابێت.
لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس سەلیم شوشكەیی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق تیشك دەخاتە سەر كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێش وەختە و ئەو ئەگەر و گریمانانەی باس لەوەدەكەن هەڵبژاردن لە 10ی تشرینی یەكەمیش ئەنجام نەدرێت.
پۆڵەتیك پرێس:ئەو هۆكارانە چین كە بوونە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پێش وەختە؟
سەلیم شوشكەیی: پێش ئەوەی بڕیار لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێش وەختە بدرێت هەریەك لە (سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دادگای ئیتحادی و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان) كۆبوونەوەیەكی پێنج قۆڵیان ئەنجامدا و پرسی دواخستنی هەڵبژاردنیان تاوتوێكرد، كۆمسیۆن ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بەڵام وتیان دەبێت خۆمان زۆر ماندوو بكەین بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكە، بەڵام سەرۆكی دادگای ئیتحادی وتی هێشتا كاتمان لەبەردەست ماوە، تەمەنی پەرلەمان كۆتایی نەهاتووە تا ئێمە پەلە بكەین لە هەڵبژاردنی پێش وەختە، لەسەر مانگێك و دوو مانگ باكێشە دروست نەبێت و رێكارە تەكنیكییەكانیش بەرێك و پێكی تەواوببن، ئەوەبوو كۆمسیۆنیش داوای 48 كاتژمێر مۆڵەتی كرد بۆئەوەی بزانێت لە 6ی حوزەیران هەڵبژاردنەكەی پێدەكرێت یان دوای بخات، ئەوەبوو دوای 48 كاتژمێرەكە كۆمسیۆن رایگەیاند، ئەوان دەتوانن لە 6ی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، بەڵام هەڵبژاردنێكی پاك دەكرێت لە كاتێكی دیكەدابێت چونكە كۆمەڵێك گرفتمان هەیە بەتایبەتی بابەتی بایۆمەتری و كێشەی دادگای فیدراڵی ئەمانە كێشەن و دەبێت چارەسەربكرێن، ئەو بەروارەش كە دانراوە واتە 10ی تشرینی یەكەم پەرلەمان پەسەندی نەكردووە، ئەوەش ئەگەرێكی لە سەدا سەد نییە هەڵبژاردن لەو كاتەدا ئەنجام بدرێت، عێراق وڵاتی گۆڕانكارییە چاوەڕواننەكراوەكانە لەپڕ شتێك روودەدات كەس پێشبینی نەكردووە، عێراق خەریكە دووبارە دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و كردەوەی خۆكوژی لەناو شوێنی گشتیدا روودەدەن ئەوە دوورنیە دەستێك بێت بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەكرێت، دووریش نیە ئەو هێزانەی شكستی خۆیان لە هەڵبژاردن دەبینن كێشمەكێش دروست نەكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی بە تەواوەتی پەك بخەن و خۆیان دەست بەسەر دام و دەزگای دەوڵەتدا بگرن.
پۆڵەتیك پرێس: خوێندنەوەتان بۆ تەقینەوەكانی رۆژی 21ی كانوونی دووەمی بەغدا چییە؟
سەلیم شوشكەیی: شوێنی تەقینەوەكان شوێنی مەدەنی و بازاڕی میللی بوون، واتە بنكە و بارەگای هێزە ئەمنییەكان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی نەكردووە بە ئامانج، بێگومان دەستێك لە پشت ئەو تەقینەوانەوە هەیە كە ئاراستەكراون، دەیانەوێت جارێكی دیكە بارودۆخی عێراق تێكبدەن و پشێوی دروست بكات.
پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیان خۆش نیە هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجام بدرێت و لەگەڵ ئەوەدان پەرلەمان خولی یاسایی خۆی تەواو بكات، قسەی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
سەلیم شوشكەیی: خەڵك كە دەنگی داوە بە پەرلەمانتار بۆ ئەوە دەنگی پێنەداوە بۆ سێ یان دوو ساڵ، بەڵكو دەنگی پێداوە چوار ساڵ لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، پەرلەمانتار مافی خۆیەتی بمێنێتەوە و ئەوەی لە توانایدایە ئەنجامی بدات، من نایشارمەوە ئێمە پەكمان نە لەسەر پەرلەمان و نە لەسەر حكومەت كەتووە ئێمە پەكمان لەسەر چاكسازی راستەقینە كەوتووە، لەگەڵ دەرهێنانی دەستی دەرەكی لە عێراق، كە ئەوەش نە دوای هەڵبژاردن و نە پێش هەڵبژاردنیش چارەسەرنابێت، وڵاتانی زلهێزی دنیا دێن لە عێراق خۆیان نمایش دەكەن ، وڵاتانی هەرێمی دەست لە كاروباری عێراق وەردەدەن و سەروەری ئەم وڵاتە پێشێلدەكەن و لاوازیانكردووە، لەكاتێكدا پەرلەمان و حكومەت و هێزی سەربازیمان هەیە، بەڵام ئیرادەی چاكسازیمان نیە، بەبڕوامن هەڵبژاردنی پێش وەختەش هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت.
پۆڵەتیك پرێس: ئەو ئیرادە چاكسازییەی باسی دەكەیت پێت وانیە پێویستە لەناو پەرلەمانەوە سەرهەڵبدات و دروست ببێت؟
سەلیم شوشكەیی: پەرلەمانی عێراق تا رادەیەكی زۆر باشە، چونكە سەرۆكی حكومەت و وەزیری گەندەڵی لاداوە، لێپێچینەوەدەكات و تا رادەەیكی زۆر پەرلەمانێكی چالاكە، بەڵام ئەوەی بارودۆخەكە بە ئاراستەیەكی باش دەبات ئەوەیە چەك بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، لە عێراقدا زیاتر لە 75 هێز و گروپی چەكدار هەیە، خاوەنی چەكی قورس و بەندیخانە و دادگا و دادوەری خۆیانن، ئاسان نیە ئەم هێز و گروپانە بهێنێت و رێكیان بخەیت لە چوارچێوەی سوپای وڵاتدا، لە كاتێكدا بەشی زۆریان لەدەرەوە پشتگیری دەكرێن، پێم وایە چۆن لە كوردستان حزب بەهێزترە لە حكومەت لە عێراقیش بەهەمان شێوە حزب و گروپەكان بەهێزترن لە دەوڵەت بۆیە هیوای چاكبوون لە عێراق زۆر لاوازە.
پۆڵەتیك پرێس: یەكێك لە كێشە گەورەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن كێشەی دادگای باڵای فیدراڵییە، دواخستنی هەڵبژاردن بۆ 10ی تشرینی یەكەم تا چەندە هۆكارە بۆئەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی هەمواربكرێتەوە بەشێوەیەك پەلە پەلی تێدانەكرێت؟
سەلیم شوشكەیی: دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021، ئێمە دەكەوینە پشووی فەرمییەوە تا مانگی ئازار دوای ئەوە دەست دەكەینەوە بەدەوام دەبێت پێش وادەی هەڵبژاردنەكە ئێمە دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی یان هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی بدەین، چونكە ئەو بابەتە بە دوو پرۆژە هاتووەتە پەرلەمانەوە، ئێمە لە لیژنەی یاسایی خوێندنەوەمان بۆ هەردووكیان كردووە و داومانەتە لایەنە سیاسییەكان چونكە پێویستی بە رێككەوتن و لێكتێگەشتنی سیاسی هەیە تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە پێم وانیە هەروا بابەتێكی ئاسان بێت چونكە زۆربەی حزبە سیاسییەكان لەم دادگایە دەترسن، پێكهاتەكانی عێراق زۆر بە گرنگ سەیری دەكەن، گرنگی ئەم دادگایە لەوەدایە هیچ كەس بۆی نیە بڕیارەكانی ئەم دادگایە رەت بكاتەوە یان تانەی لێبدات.
پۆڵەتیك پرێس: كێشەكانی بەردەم پەرلەمان چییە لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی، یان پەسەندكردنی پرۆژە یاسا نوێكە تا یبەت بەو دادگایە؟
سەلیم شوشكەیی: كێشەیەكی گەورە لەبەردەم دادگادا ئەوەیە كێ قازیەكان دابنێت ئەگەر لایەنە سیاسییەكان دای بنێن، بەپێی یاسا دادگاكە بێ لایەن و سەربەخۆیە، ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆسەر كاری دادگاكە، بۆ چونێك هەیە كەهی شیعەكانە داوادەكەن چوار “فەقیه” لەناو دادگای باڵای فیدراڵی بن دوو شیعە و یەك سوننە و یەك كورد، جیاوازیەكی گەورە لەسەر دانانی ئەو “فەقیه”انە هەیە بەوەی ئایا مافی دەنگدانیان دەبێت یان تەنها راوێژیان پێدەكرێت، كێشەیەكی دیكە ئەوەیە دەنگدان لەناو دادگاكە بە كۆمەڵە یان بە زۆرینەیە، كێشەیەكی دیكە ئەوەیە ئەو حاكمانە دادگای باڵای فیدراڵی خانەنشین بوون نایانگرێتەوە واتە تا كۆچی دوایی دەكەن لەو پۆستەدا دەمێننەوە ئەمەش لەهیچ ولا تێكی دیكە نیە جگە لە ئەمریكا، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمریكا ئەو یاسایەی بۆ عێراق نووسیوە.