پۆڵەتیك پرێس
جێن ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن بە دوای ئەوە دایە كە پەیمانی نوێی كۆنترۆڵی چەك و جبەخانە لەگەڵ ڕوسیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ بكاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەكاری دەكات بۆ ڕێككەوتنێكی خێرا لەگەڵ ئەمەریكا بۆ درێژكردنەوەی دوایین پەیماننامەی كۆنترۆڵكردنی چەك كە لە ماوەی دوو هەفتەدا بەسەر دەچێت .
پەیماننامەكە هەر یەك لەو دوو وڵاتە سنوردار دەكات بەوەی 1500 چەكی ئەتۆمی و 700 موشەك و بۆمبهاوێژیان هەبێت ئەمەش 30% كەمترە لە بەرزترین رێژەی ئەو چەكانە كە ساڵی 2002 هەیانبووە.
پەیماننامەكە لە ساڵی 2010 لە پراگی پایتەختی چیك واژوو كرا، كە دوایین رێككەوتنی گەورەی كۆنترۆڵكردنی چەك بوو لە نێوان ئەو دوووڵاتەدا واژووكراوە.