پارتی: كورد دەتوانێت سود لە دواخستنی هەڵبژاردن وەربگرێت

پۆڵەتیك پرێس

بەرپرسێكی پارتی دەڵێت، دواخستنی هەڵبژاردن دەرفەتێكی باشە بۆ كورد بۆ ئەوەی زیاتر ئامادەكاری بكات بۆ هەڵبژاردنەكە و چۆنیەتی بەستنی هاوپەیمانیەتی و شێوازی بەشداری لە هەڵبژاردنەكە.

هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق كورد پێویستی بە ئامادەكاری زیاتر هەبوو چونكە دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەسەر ئاستی قەوارە سیاسییەكان و جۆر و ژمارەی كاندیدەكانیش دەگۆڕێت ئەمەش پێویستی بەوە هەیە دووبارە داڕشتنەوەی بۆبكرێت.

ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی وتیشی: دەكرێت ئێمە وەكو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان بتوانین ئەو ماوەیە كە درێژكراوەتەوە وەكو دەرفەتێك بقۆزینەوە بۆئەوەی زیاتر وردبینەوە لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی و شێوازی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە، بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان، چونكە هەڵبژاردنی عێراق هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنوسسازە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەشكرد، تێبینی دەكەین بۆچونێكی جیاوازتر هاتووەتە ئاراوە لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق كە پێی وایە مادەم كاتی هەڵبژاردنەكە دواخراوە دەكرێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەبچێت نەك بكرێتە پێش وەختە.

ئاشكراشیكرد ئەوان وەكو پارتی زیاتر گوێ‌ لە بۆچوونی حزبە سیاسییەكان دەگرن نەك ئەندام پەرلەمانێك بۆچوونی چۆنە و چۆن رەفتار دەكات، بەتایبەتی لێدوانی هەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبیننەوە بۆئەوەی خۆیان هەڵبژێرنەوە و خەڵك دەنگیان بداتێ‌.

رۆژی 19-1-2021 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراقی دواخست بۆ 10-10-2021 بە پاساوی ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ناتوانێت ئامادەكاری تەواو بكات بۆئەوەی لە لە 6-6-2021 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا