پۆڵه‌تیك پرێس
له ئێستادا حكومه‌تى عێراق سه‌رقاڵى جوڵاندنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى 26 ملیار دۆلاره‌كه‌ى نه‌وتى هه‌رێمه له‌گه‌ڵ توركیا، كه پێشتر به بڕیارى عادل عه‌بدولمه‌هدى ئه‌و دۆسیه‌یه راگیرابوو، له كاتێكدا خه‌ریكبوو له به‌رژه‌وه‌ندى عێراق كۆتایى ده‌هات.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له په‌رله‌مانى عێراق كه نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”حكومه‌تى عێراق له سه‌رده‌مى حه‌یده‌ر عه‌بادى له دادگایه‌كى پاریس سكاڵاى له‌سه‌ر كڕینى نه‌وتى هه‌رێم به‌بێ گه‌ڕانه‌وه و ئاگادارى حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر توركیا تۆماركردبوو، سكاڵاكه له به‌رژه‌وه‌ندى عێراق كۆتایى ده‌هات ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى كاتێك بوو به سه‌رۆك وه‌زیران سكاڵاكه‌ى رانه‌گرتایه، ئێستا جارێكى دیكه حكومه‌تى عێراق ئه‌و دۆسیه‌ى جوڵاندووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌رى بردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندى عێراق نزیكه”.
سه‌رچاوه‌كه وتیشى: “ئه‌گه‌ر عێراق دۆسیه‌كه به‌رێته‌وه ده‌بێت توركیا 26 ملیار دۆلار بداته عێراق، ئه‌و كاته هه‌رێم مه‌ترسى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره توركیا قه‌ره‌بووى ئه‌و دۆڕاندنه‌ى له دادگا له هه‌رێم بسه‌نێته‌وه، له‌لایه‌كى دیكه ئه‌مه‌ش ده‌بێته ده‌رفه‌تێكى دیكه بۆ حكومه‌تى عێراق وه‌كو كارتێكى دیكه‌ى فشار به‌رامبه‌ر هه‌رێم به‌كارى بهێنێت”.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بۆ پۆڵه‌تیك ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه، ئه‌و 26 ملیاره تا 2017ه‌یه بۆیه ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه له دواى بردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندى عێراق، ئه‌و كاته حكومه‌تى عێراق جارێكى دیكه سكاڵایه‌كى دیكه تۆماربكات و داواى پاره‌ى نه‌وت بكات له توركیا له دواى 2017 ه‌وه، ئه‌مه‌ش دیسان ده‌بێته مه‌ترسییه‌كى گه‌وره بۆ سه‌ر هه‌رێم”.
باسى له‌وه‌شكرد، سه‌ركه‌وتنى عێراق له‌م دۆسیه‌یه هێنده‌ى دیكه خنكاندنى نه‌وتى هه‌رێمى لێده‌كه‌وێته‌وه، چونكه ئیدى هه‌رێم به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت نه‌وت ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه بكات، ئه‌و كاته توركیاش نه‌وتى هه‌رێمى ناوێت.