پۆڵه‌تیك پرێس:
حزبوڵڵای عێراقی په‌یامێكی له‌باره‌ی دوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شاری به‌غدا بڵاوكرده‌وه و هێرشیكرده سه‌ر حكومه‌تی عێراق.
قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری حزبوڵڵای عێراقی له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، “داعش به‌هێز نییه، به‌ڵام خه‌مساردی هێزه ئه‌منییه‌كان و سه‌رقاڵبوونی حكومه‌ت به‌سیاسه‌ته‌وه، هۆكاری ڕووداوه تیرۆرستییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی دیاله، سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار و جه‌رف سه‌خر و دواترینیان گۆڕه‌پانی ته‌یران له‌به‌غدا”.
خه‌زعه‌لی ده‌شڵێت “ده‌بێت ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان ته‌واوی توانایان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ورده‌كاریی ڕووداوه‌كه، وه‌كچۆن هه‌وڵێكی زۆر درا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌نه ئامانج”.
دوو ته‌قینه‌وه‌ی تیرۆرستی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه گۆڕه‌پانی ته‌یرانی له‌شاری به‌غدا هه‌ژاند، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش ڕایگه‌یاند، تا پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 32 كه‌س به‌هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌وه كوژراون، هاوكات زیاتر له 90 كه‌سیش بریندار بوون.