بەغدا مەرجێكی قورستر بۆ هەرێم دادەنێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق مەرجێكی قورسی بەغدا بۆ تێپەڕاندنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق ئاشكرا دەكەن، بەهۆی ئەو مەرجەشەوە هەرێم بەپەلە شاندێك رەوانەی بەغدا دەكات.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری نەوت و بەرپرسی كۆمپانیای سۆمۆ و كادرە پێشكەوتوەكانی وەزارەت كۆبونەتەوەو بابەتی نەوتی هەرێم یەكێك بووە لە تەوەرەگرنگەكانی كۆبونەوەكەیان.

دەشڵێت، “لەو كۆبونەوەیەدا لایەنی عێراقی دوو پێشنیاری لەبارەی بابەتی نەوتی هەرێمەوە خستوەتەڕوو، یەكەمەیان ئەوەبوو بەغدا ئامادەیە هەموو مەلەفی نەوت بە تێچونەكانییەوە وەربگرێت، پێشنیاری دووەمیش ئەوەیە ئەگەر هەرێم بەوەی یەكەم رازی نەبێت ئەوا پێویستە داهاتی 250 هەزار بەرمیل بەو نرخەی كە سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت رادەستی بەغدای بكات.

ئەوەشدەخاتەڕوو، پێشنیاری دووەمی بەغدا بۆ هەرێم ئاسان نییە، چونكە هەرێم ئەگەر بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار بفرۆشێت ئەوا پێویستە 55%ی ئەو داهاتە بۆ تێچووی و قازانجی كۆمپانیاكان تەرخان بكات، بەوەش هەرێم بڕێكی كەمی پارەكەی بۆ دەمێنێتەوە.
دەشڵێت، “نەوتی هەرێم بە كەمتر 11 دۆلار لەنەوتی عێراق دەفرۆشرێت، واتە هەرێم دەبێت ئەو (۱۱) دۆلارەش قەرەبوو بكاتەوە جگە لەپشكی كۆمپانیاكان بۆیە ئەم خاڵە جێبەجێكردنی زۆر قورسە”.

بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس كە لە ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەستیكەوتووە، بەهۆی ئەو مەرجانەی بەغداوە هەرێم ناچار بووە هەفتەی داهاتوو شاندێك رەوانەی بەغدا بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئەگەر هەرێم بەپێشنیاری دووەمی بەغدا رازی بێت ئەوا پێویستە مانگانە داهاتی نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، چونكە نەوتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی بە نرخی كەمتر لە نەوتی عێراق دەفرۆشرێت، هاوكات بەشی زۆری داهاتەكەشی بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی كۆمپانیا بیانییەكان دەگەڕێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا