ئه‌ردۆغان به‌نیازی هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌یه‌ دژی هه‌ده‌په‌

ئەم بابەتە 56 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

بەرەکات قار، ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” رایگەیاند، پلانەکەی هاوپەیمانی کۆماری کە پێکهاتووە لە هەردوو پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا بۆ رێگریکردن و داخستنی پارتەکەی نوێ نییە.

ئەو ئەندامەی هەدەپە وتی: ئەوان ماوەیەکی دوورودرێژە دەیانەوێت پارتەکەمان دابخەن، لەمڕووەشەوە پارتی نیشتیمان بە سەرکردایەتی دوگو برینجک هاوپەیمانە لەگەڵیان، ئەو سەرکردەیەی بانگەشەی چەپبوونی خۆی دەکات، بەڵام مێژوویەکی “ناپاکی” هەیە و لە هەموو هێزە چەپەکانی تورکیا دابڕاوە و بووەتە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان.

ئاماژەی بەوەشکرد، داواکاری داخستنی هەدەپە، داواکاری دەوڵەت بەهجەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا یاخود دوگو برینجک نییە هەتا ئەو کاتەی لەلایەن ئەردۆغانەوە پەسەند نەکرێت، بەڵام ئەگەر سەرۆکی تورکیا قایلبێت بە داخستنی هەدەپە ئەوا رووبەڕووی شکست دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە خۆی بوو یاسای دانەخستنی پارتە سیاسییەکانی دەرکرد، ئەو کاتەی کە پارتەکەی پێشووی دووچاری سزا هات، وتیشی: بۆیە بڕواناکەم ئەم هەنگاوە بنێت بەتایبەت لەم دۆخەدا کە لە هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە دەناڵێنێت.

هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان و بەهجەلی پلان دادەنێت بۆ لەناوبردنی هەدەپە

لایخۆیەوە، رۆژنامەی جمهوریەتی تورکی بڵاویکردەوە، هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان و بەهجەلی پلان دادەنێت بۆ لەناوبردنی هەدەپە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەکە بڵاوکراونەتەوە، هەنگاوی یەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە ئەوەیە ئەردۆغان رێگری لە وەزارەتی دارایی و گەنجینە بکات و چیدیکە پارە بۆ هەدەپە دابین نەکرێت کە بەهاکەی دەگاتە 57 ملیۆن و 550 هەزار لیرە، ئەم هەنگاوەش بەپشتبەستن بە ماددەی 68ی دەستووری تورکیا کە رێگری لە هاندانی ماددی دەکات بۆ ئەو کەسانەی تاوان ئەنجامدەدەن.

بەپێی رۆژنامەکە، هەدەپە تاوانبار دەکرێت بە تێوەگلان لە رووداوەکانی 6 و 7ی تشرینی یەکەمی 2014، کاتێک خۆپیشاندان دژی هێرشەکانی داعش بۆسەر شاری عەین عەرەب لە سوریا سەریهەڵدا، ئەوەبوو لەسەر داوای هەدەپە هاوڵاتیان لە 35 ویلایەت رژانەسەر شەقامەکان و بەهۆیەوە 37 کەس کوژرا.

هاوکات، ئەندامانی هەدەپە تۆمەتبار دەکرێن بە ئامادەبوون لە پرسەی گیانلەدەستدانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” و پاڵپشتیکردنی سیاسەتیان، بەپێی هەمان ماددە لە دەستوور و ماددەی ژمارە 10 لە یاسای پارتە سیاسییەکان دەکرێت ئەم داوایانە دژی هەدەپە بەرزبکرێنەوە و ببنەهۆی داخستنی پارتەکە.

لایخۆیەوە، پارتی دیموکراتی گەلان داوای لە دەسەڵاتی دادوەری تورکیا کرد دژی دەوڵەت بەهجەلی بجوڵێت، لەوبارەیەوە هەدەپە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە وەک وەڵامێک بۆ داواکاری بەهجەلی بۆ داخستنی پارتەکە تیایدا نوسراوە، بەپێی ئەوەی لێدوانەکەی بەهجەلی بۆ دانانی کاریگەری لەسەر دادگا و دروستکردنی فشار دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دەستووری و یاسایی، بۆیە ئێمە داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەین دەست بەکار بکات.

بەهجەلی بە ئاشکرا فەرمانی بە نوسینگەی داواکاری گشتی کردووە بۆ داخستنی هەدەپە

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهجەلی بە ئاشکرا فەرمانی بە نوسینگەی داواکاری گشتی کردووە بۆ داخستنی هەدەپە، لەڕێی بەکارهێنانی دەسەڵاتییەوە بەوپێیەی هاوبەشە دەسەڵاتە.

لایخۆیەوە، مدحەت سنجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەوان هیچ بەڵگە و بیانویەک نادۆزنەوە بۆ داخستنی پارتەکەمان، ئەگەر لەڕێی پێشێلکردنی دەستوور و یاساشەوە بیکەن، چارەسەرێک بۆ بەردەوام بوون دەدۆزینەوە لەسەر رێڕەوەکەمان و بەرفراوانتری دەکەین.

سنجار وتی: هەدەپە لەم وڵاتەدا کە دامەزرا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە سەرجەم چەک و ناکۆکییەکان دامەزرا و ئامادەیە هەموو باجێک بۆ ئەم ئامانجە بدات، هەدەپە بینایەک نییە بێن و بیڕوخێنن چۆن دەتوانن بیوەستێنن و دایبخەن، ئەمە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی شەش ملیۆن کەس کە دەنگی پێداوین.

هاوکات، سەلجوق ئۆزداگ، جێگری ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆکی پارتی ئایندە رەخنەی لە بەهجەلی گرت و وتی: بەپێی ئەوەی دەتەوێت بەزووترین کات هەدەپە دابخەیت، دەبێت کەسێک هەبێت لەم پلانەدا هاوکاریت بکات، وتیشی: بەهجەلی دەیەوێت دۆخەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە و کار بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر بکات بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بەڵام هۆکاری بێدەنگییەکەی چییە بەرانبەر ئەو گەندەڵییە سیاسییەی لە تورکیا هەیە؟!

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک