نێچیرڤان بارزانی‌: ناكرێت خاكی‌ هەرێم بۆ هەڕەشەكردن لە توركیا بەكاربهێنرێت

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند، ناكرێت خاكی عێراق و هەرێم وەك پێگەیەك بۆ هەڕەشەكردن لە توركیا یان وڵاتانی دیكەی دراوسێ بەكاربهێنرێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم باس لەوەكراوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە كۆبونەوەی لەگەڵ خلوسی‌ ئاكار وەزیری‌ بەرگریی‌ توركیا چەندین تەوەری تایبەت بە دۆسیەی ئەمنی هەرێم و توركیایان تاوتوێكرد.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەردولا جەختیان لە پاراستنی‌ ئارامی‌ و سەقامگیری‌ لە ناوچەكە و گرنگی‌ هاوكاری‌ و هەماهەنگی‌ عێراق و هەرێمی‌ كوردستانیان لەگەڵ توركیا كردوەتەوە.

باس لەوەشكراوە، سەرۆكی هەرێم جەختی لەوەكردوەتەوە، ناكرێت خاكی‌ عێراق و هەرێم وەك پێگەیەك بۆ هەڕەشەكردن لە توركیا و وڵاتانی‌ دراوسێ بەكاربهێنرێت و داواشیكرد، عێراق ئەركی‌ خۆی‌ جێبەجێ بكات.

رۆژی 18ی ئەم مانگە خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا سەردانی بەغدای كرد، رۆژی دواتریش دوای سەردانی بۆ هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵا كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەنراوی دوای كۆبونەوەكانیش، ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی وەزیری بەرگری توركیا پەیوەندیی بە پرسی بوونی پەكەكەوە هەیە لەناو خاكی هەرێم، خلوسی ئاكاریش داوای كردووە عێراق و هەرێم هاوكاریان بن لە كۆتاییهێنان بە بوونی پەكەكە لە ناوچە سنورییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا