دواخستنی هەڵبژاردنەكان كاردانەوەی شەقامی لێدەكەوێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

پەرلەمانتارانی عێراق باس لەوە دەكەن دواخستنی هەڵبژاردن كاردانەوەی شەقامی لێدەكەوێتەوە، پێشتریش پەلەكردن لەدەركردنی بڕیاری وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا هەبووە.

ئەڵماس فازڵ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، ئەو بڕیارەی پێشتر سەرۆك وەزیران دەریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە بڕیارێكی بە پەلەبوو، كاتەكەی گونجاو نەبوو بۆئەوەی كۆمسیۆن بتوانێت بە كارەكانی خۆی هەستێت، هەروەها پەرلەمانیش ئەو وادەیەی پەسەند نەكردبوو.

وتیشی، “بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە شەقامی عێراقی فشار دەخەنە سەر كازمی”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو كێشە بوو لای كۆمسیۆن و هێزو لایەنە سیاسییەكانیش ئەوەبوو چۆن ئەم بابەتە بگەیەننە شەقام، هەروەها جگە لە گرفتە لۆجستیكییەكانی كۆمسیۆن، نەبوونی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیش گرفتە، چونكە لە كۆتاییدایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پەسەند دەكات.

پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رۆژی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە دیاریكرد، بەڵام رۆژی سێشەممە 19ی كانونی دووەم وادەكەی بۆ 10ی تشرینی یەكەم دواخست.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێك بوو لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراقی، لەئێستاشدا چاوەڕوان دەكرێت دواخستنی هەڵبژاردنەكە بیێتە هۆكاری ئەوەی خۆپیشاندەرانی عێراقی بڕژێنەوە سەر شەقامەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا