تورکیا.. دۆزەخی رۆژنامەنووسانی کورد

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

تورکیا بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە لە جیهاندا زۆرترین رۆژنامەنووسانی تێدا دەستگیردەکرێت، بەجۆرێک لە ئێستادا زیاتر لە 37 رۆژنامەنووس لە تورکیا لە زینداندان و زۆرێکی دیکەش چاوەڕوانی دادگایی کردنن.

دەسەڵاتی تورکیا فشاری بێسنوور دەخاتەسەر رۆژنامەنووسان بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان، بەتایبەت ئەو رۆژنامەنووسانەی رووماڵی ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دەکەن، ئەو پارتەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بەبەردەوامی وەک رێکخراوێکی “تیرۆرستی” باسی دەکەن و ماوەی چوار ساڵە لەدژی دەسەڵاتی تورکی دەجەنگێت.

لە دوایین لێدوانیدا، گوڵستان قوربانی رۆژنامەنووس باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لە بواری رۆژنامەنووسی وەک ژنێکی کورد کە لە دیاربەکر نیشتەجێیە.

ئێستا دەبێت بەر لە نوسینی وتارێک چل جار بیربکەینەوە

لەبارەی ئەو گیروگرفتانەی لە تورکیا رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبێتەوە گوڵستان دەڵێت: دۆخەکە تابێت بەرەو خراپتر دەچێت وەک لەوەی جاران هەبوو، جاران دەمانتوانی بەوجۆرەی دەمانویست بنوسین و بەدواداچوون بکەین، بەڵام ئێستا دەبێت بەر لە نوسینی وتارێک چل جار بیربکەینەوە، تەنانەت لەکاتی نوسینی رستەیەکدا بیر لەوەدەکەینەوە سبەینێ چیمان بەسەردێت؟!

گوڵستان باس لەوە دەکات، ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە هەموو رۆژنامەنووسانی ناوچەکە ناگرێتەوە، بەنمونە ئەوانەی پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکومەت هەیە دەتوانن بەمەبەستی کاری رۆژنامەنووسی بۆ هەرکوێ بڕۆن کە دەیانەوێت، بەڵام ئەگەر کەمێک لە تێڕوانینی ئۆپۆزسیۆن نزیک ببنەوە ناتوانن هەموو بابەتێک بنوسن و بڵاوبکەنەوە.

لەم بڵاوکراوەیەدا کە لەلایەن بورهان ئەکێنجی نوسەر و رۆژنامەنووسی تورکییەوە نوسراوە باس لەوە کراوە، سەرباری هەڕەشەی بەردەوامی دەستگیرکردن و زیندانیکردن، دەوڵەت وردبینانە و بەشێوەیەکی کاریگەر رێگری دەکات لە رۆژنامەنووسی لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتووانەکەیان کوردە، لەوبارەیەوە گوڵستان دەڵێت: داخستنی زۆرەملێی ئەو دەزگایانەی راگەیاندن کە بە زمانی کوردی کاردەکەن بووەتەهۆی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ ئەو رۆژنامەنووسە کوردانەی بە زمانی دایک دەنوسن.

گوڵستان ئاماژە بەوەدەکات، لە رابردوودا ئەوانەی بە زمانی کوردی دەیاننوسی ژمارەیان کەمبوو، بۆیە دووچاری ئاستەنگی نەدەبوون لە دۆزینەوەی کار، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، ئەو ژنە کوردە رۆژنامەنووسە دەڵێت: لەدوای ئەوەی بەدرێژایی حەوت ساڵی رابردوو راپۆرت و بڵاوکراوەکانم بە زمانی کوردی بوون کەچی ئێستا ناچارم بە زمانی تورکی بنووسم.

کاتێکیش لێدوان بۆ سەرچاوەیەکی هەواڵی دەدەین، بە وردی سەرنجی وشەکانمان دەدەین نەوەک بەهەڵە لێکدانەوەیان بۆ بکرێت

گوڵستان ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانی ئابووری لە تورکیا بەشێوەیەکی خراپ کاریگەری لەسەر ژنان داناوە، بەجۆرێک رێژەی رۆژنامەنووسانی ژن لەچاو ساڵانی رابردوو دەیان هێندە کەمیکردووە، وتیشی: لەماوەی ئۆپراسیۆنی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە کە لە ساڵی 2015 کۆتاییهات، کاتێک دەچووینە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان دەمانبینی %50ی رۆژنامەنووسان ژن بوون، بەڵام لە ئێستادا لە هەر پێنج رۆژنامەنووسێک تەنیا یەکێکیان ژنە کە لەو بوارەدا دەیانبینین.

باسی لەوەش کرد، ئەم تێکچوونی هاوسەنگییە لەنێوان جێندەرەکان بووەتە هەڕەشە بۆسەر رۆژنامەنووسانی ژن بەجۆرێک دەترسن نەتوانن بەشێوەیەکی گونجاو کاری خۆیان بکەن، وتیشی: وەک ژنێک کاتێک ژنە رۆژنامەنووسانی دیکە دەبینم هەست بە ئارامی دەکەم، ئیمە لە وڵاتێکدا دەژین بە سەدان ژن تیایدا دەکوژرێن، هەموو رۆژێک گوێبیستی هەواڵی مردنی ژنێک دەبین، کاتێکیش لێدوان بۆ سەرچاوەیەکی هەواڵی دەدەین، بە وردی سەرنجی وشەکانمان دەدەین نەوەک بەهەڵە لێکدانەوەیان بۆ بکرێت.

بەڵام سەرباری هەموو ئاستەنگییەکان، گوڵستان قوربان بەردەوام دەبێت لە کارەکەی خۆی و دەڵێت: ئێمەی رۆژنامەنووسانی کورد بەرگری لە نوسینمان دەکەین بە زمانی کوردی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا