“ئاكرێ لە بەڵێنی بە پارێزگا بوونەوە بەرەو بە لادێ بوون”

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە راپۆرتێكیدا چەندین كەموكوڕی قەزای ئاكرێی خستوەتەڕوو كە بەهۆی پشتگوێ خستنی لەلایەن كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمەوە رووبەڕووی قەزاكە بوەتەوە.

شنۆ ئەشقی سورچی پەرلەمانتاری یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، سەردانی مەیدانی قەزای ئاكرێی كردووەو بۆی دەركەوتووە ئەو قەزایە بەتەواوەتی پشگوێخراوە لەكاتێكدا ئاكرێ یەكێكە لە قەزا كۆنەكانی كوردستان، بەڵام خزمەت نەكراوەو لە بەڵێنی بە پارێزگابوونەوە بەرەو لادێ بوون دەڕوات.

باسی لەوەشكرد، ئەنجامی بەدواداچوونەكەی لە راپۆرتێكدا ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، چونكە ئاكرێ بەراورد بە قەزاكانی دیكەی سەر بەپارێزگای دهۆك لە رووی خزمەتگوزارییەوە رۆژ بەرۆژ لە پاشەكشەی بەردەوامدایە.

لە بەدواداچوونەكەی شنۆ ئەشقیدا هاتووە، تاوەكو ئێستا ئاكرێ زانكۆ و كتێبخانەیەكی شایستەی لێ نییە، هاوكات لەگەڵ ئەوەی كە دەوڵەمەندە بە ناوچەی گەشتو گوزار و چەندین شوێنەواری كەلەپوری و مێژووی هەیە كە بەهۆیەوە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەكەن، بەڵام هیچ ئوتێل و مۆتێل و رێستورانتێكی شایستەی لێ نییە.

دەشڵێت، “لەماوەكانی رابردو لەسەرەتای دەست بەكاربوونمان وەك ئەندامی پەرلەمان هەوڵمانداوە سەرجەم ئەو كێشانەی كە باسمان كرد لەڕێگەی ڕاپۆرت و یاداشت و نوسراوی فەرمی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدارمان لێ ئاگاداركردوونەتەوە، بەڵام بەداخەوە سەرجەم نوسراوو پرسیار و یاداشتەكانمان بۆ ئەم دوو قەزایە بێ وەڵام ماونەتەوە”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە كابینەیەو تەنانەت كابینەی پێشووی حكومەتیش لە سنوری پارێزگای دهۆك بەردی بناغەیان دانرا بەڵام دووبارە قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش وەك دوو قەزای ناوچە دابڕێنراوەكان مامەڵەیان لەگەڵدا كراو بێبەشكران لە پڕۆژە ستراتیژیەكانی ئەم كابینەیە.

دەشڵێت، “دەكرێت بپرسین ئایا ئەمە سزادانێكی سیاسییە، یان قەیرانی دارایی و نەبوونی پڕۆژە لەسنوری پارێزگای دهۆك تەنها بۆ ئەم دوو قەزایەیە؟”.

ئەو وتانەی شنۆ ئەشقی لەكاتێكدایە، بەردەوام بەرپرسانی پارتی باس لەوە دەكەن گوایە توانیویانە لە رووی خزمەتگوزارییەوە خزمەتی زۆر پێَشكەش بە سنوری پارێزگای دهۆك بكەن، بەڵام لە بەدواداچوونی پەرلەمانتاراندا بە روونی دەردەكەوێت هاوشێوەی بەشێك لە ناوچەكانی دیكەی هەرێم حكومەت بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆكیشی پەراوێز خستووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا