پۆڵەتیک پرێس
چەند بەرپرسێکی پنتاگۆن لە دڵەڕاوکێدان لەبارەی روودانی هێرشی ناوخۆیی لەلایەن ئەندامانی پاسەوانیی نیشتیمانی کە بەشدارن لە پاراستنی لایەنی ئەمنی رۆژی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن.
لەوبارەیەوە، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی “ئێف بی ئای” رایگەیاند، بە وردی پشکنین بۆ هێزەکانی پاسەوانیی نیشتیمانی دەکرێت کە ژمارەیان 25 هەزار سەربازە و لەماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا لە واشنتۆن بڵاوەیان پێدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس لە زاری چەند بەپرسێکی پنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە، مەترسی ئەمنی لەلایەن ئەو کەسانەوە هەیە کە دانراون بۆ پاراستنی لایەنی ئەمنی مەراسیمی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن کە رەنگە ببنە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆسەر ژیانی سەرۆکی ئەمریکا و گەورە بەرپرسانی ئامادەبوو لە مەراسیمەکە.
لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی مەراسیمی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، بڕیارە لە شەوی 18ی کانوونی دووەمەوە، رێکاری ئەمنی توند لە واشنتۆن بگیرێتەبەر و ئەم رێکارانە هەتا دوای مەراسیمەکە لە رۆژی 20ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبن.